خاوەن كۆگایەك: "بە چ یاسایەك ئەم بڕیارە دراوە؟"
مریشکی تورکی لە كەركوک قەدەغە کرا و خاوەن كۆگاكان ناڕازین
964+
کاروان ساڵحی-کەرکوک
ئەمڕۆ یەکشەممە 21.9.2025 بازرگانەکانی هێنانی مریشکی بەستوو لە بەردەم کۆگاکانیان لە گەڕەکی موسەڵای كەركوك گردبوونەوە، لە دژی بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەكردنی مریشک بەستوو و لەگەڵ بەرهەمەکانی دیكەی مریشک.
بڕیاری هاوردەكردنەكە چەند رۆژێكە چووەتە بواری جێبەجێكردن و ئەمڕۆش لیژنە پەیوەندیدارەكان لە ئاسایشی ئابووری و تەندروستی چوونەسەر ژمارەیەك كۆگا و ئەوەی بۆیان كرا دەستیان بەسەردا گرت و بە قسەی یەكێك لە خاوەن كۆگاگان، لەناوی دەبەن.
بەپێی بڕیاری لیژنەكە، مریشكی بەستووی توركی راستەوخۆ دەستیبەسەردا دەگیرێت و تەلەف دەكرێت، بەڵام ماوەی 45 رۆژ مۆڵەت بە بازرگانەکان دراوە کە ئەوەی هاوردوویانە ساغی بکەنەوە لە مریشكی ئێرانی و ئۆكرانی و وڵاتانی دیكە.
ئامانجی ئەم كارە وەك لیژنەكە پێشتر راگەیاندووە، بۆ پەیداكردنی بازاڕە بۆ بەرهەمی مریشكی خۆمانە.
هەڤاڵ عەزەدین بازرگانی مریشکی بەستوو، بە 964ـی وت، نزیکەی 80 بازرگان و دوکانی هێنانی مریشکی بەستوو و بەرهەمەکانی مریشکی لە كەركوكین، بەبێ هیچ هۆکارێک ئاسایشی ئابووری و پۆلیس و تەندروستی هەڵدەکوتنە سەر کۆگاکانمان، وادەزانن بازرگانی ماددەی هۆشبەرین و کریستاڵ دەفرۆشین، بە کامێراوە دێن و وێنەمان دەگرن
وتیشی، “هەر یەکێکمان نزیکەی 70 بۆ 100 کارتۆن مریشکی تورکییان لێ بردووین و لە ناویان بردووە، هەر یەکێکمان 20 کەس كارمان لەگەڵ دەكەن و رزقی ئەوانیش دەبڕێت، ئەی کوا سەرۆک وەزیرانی عێراق، کە دەڵێن 20 راوێژکاری هەیە، زەرەرمەندی یەکەم هاوڵاتییە، مریشکێکی تورکی دوو کیلۆیی دەکڕێت بە شەش هەزار دینار بەڵام عێراقییەکە بە 12 هەزار دینارە”.
عەبدوڵا ئەنوەر بازرگانێكی دیكەی مریشکی بەستووە، بە 964ـی وت، “مریشکی تورکی لەلایەن تەندروستیەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت و لەناو دەبردرێت، بۆ مریشک و بەرهەمەکانی ئێرانی و بەرازیلی و ئۆکرانی، مۆڵەتی 45 رۆژ دیاریكراوە ساغی بكەینەوە، دوای ئەوە ئەوەش لە ناو دەبردرێت”.
هەروەها دەڵێت، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەكان ڤیدیۆ بڵاوكراوەتەوە گوایە مریشكەكە خراپە یان بەسەرچووە، بەڵام هیچی راست نییە، دواتر مریشکی عێراقی لە کارتۆنێک 15هەزار گرانترە لە توركییەكە، تەنیا بۆ ئەوەیە بەرهەمی ناوخۆیی بفرۆشرێت، دواتر بەرهەمی ناوخۆی جگەر و بەرهەمی دیکەی نییە کە چێشتخانەکان دەیانەوێت.
964چەند جارێک پەیوەندی بە ژووری بازرگانیی کەرکوکەوە کرد، بەڵام بەردەست نەبوون.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا