بۆ یەكەمجارە و سێ قاتە

نەخۆشخانەیەكی تایبەت بە منداڵان لە زاخۆ كرایەوە

964+

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

ئەمڕۆ یەكشەممە 21.9.2025 نەخۆشخانەیەكی تایبەت بە منداڵان لە زاخۆ كرایەوە، كە هاوكاتە لەگەڵ چوارساڵەی راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ.

ئەندازیار یەحیا قەساب، سەرپەرشتیاری نەخۆشخانەی منداڵانی زاخۆ بە 964ی وت، یەكەمجارە نەخۆشخانەیەكی بەم شێوەیە بۆ منداڵان لە زاخۆ بێتە دروستكردن، كە هاوشێوەی نییە.

وتیشی، نەخۆشخانەكە لە سێ نهۆم پێكدێت، فریاکەوتن و راوێژکاری و خەوتنی منداڵان لەخۆ دەگرێت، هەموو کەرەستە پێویستییەکانی بۆ دابینکراون و خزمەتێکی زۆر باش پێشکەش بە هاوڵاتیانی سنووری ئیدارەی زاخۆ دەکات.

یەحیا قەساب دەڵێت، نەخۆشخانەكە هەر راوێژکاری و فریاکەوتن نییە، بەشەكانی سۆنار و ئیکۆشی تێدایە، كە ئامێری پشكنینی منداڵان جیاوازن و تایبەتمەندیی جیایان هەیە.

پێشتر هاوڵاتیانی زاخۆ ناچاربوون بۆ چارەسەری منداڵەکانیان روو لە دهۆک بکەن، دوای دروستکردنی ئەم نەخوشخانە چیتر پێویستیان بە دهۆک و دەرەوە نامینێت.

لە ساڵیادی چوارەمی بەئیدارەبوونی زاخۆ، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی كوردستان مەسرەر بارزانی سەردانی زاخۆی کرد و ژمارەیەک پرۆژە لەوێ کرانەوە، لەناو ئەو پروژانەدا نەخوشخانەیەکی منداڵانە، هەروەها هەر یەک لە پڕۆژەکانی پێشانگای نێودەوڵەتی و قۆناغی دووەمی كۆرنیشی زاخۆش دەكاتەوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا