"شوێنەکەی بچووکە و نابەرپرسانە کراوەتەوە"
عەلوە تازەکەی پێنجوێن جەنجاڵییەکی زۆری لەسەر رێگای گەرمک دروست کردووە
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
عەلوە تازەکەی پێنجوێن جەنجاڵییەکی زۆری لەسەر رێگای سەرەکی گەرمک – پێنجوێن دروست کردووە و شۆفێر هەیە بۆ چەند کاتژمێرێک لە سەرەدا ماوەتەوە.
پەیامنێری 964 چووەتە سەر رێگاکە و قسەی لەگەڵ عومەر محەمەد جوتیار و خاوەنی یەکێک لە زەوییە کشتوکاڵییەکان کردووە، ئەو دەڵێت، “شوێنی عەلوە تازەکە بەهیچ شێوەیەک بەعەمەل نایە، شوێنەکەی زۆر بچوک و تەسکە و نابەرپرسانە کراوەتەوە”.
باسی لەوەشکرد، چەند کاتژمێرێک لە قەرەباڵغی و نۆرەدا ماوەتەوە کە پێشتر ئەو کێشەیان نەبووە و هەر لە کەپرەکانی سەر رێگاکە دەیانتوانی بەرهەمەکانیان ساغ بکەنەوە.
ئەفسەرێکی پۆلیسی هاتوچۆی پێنجوێن کە نەیویست ناوی خۆی ئاشکرا بکات بە 964ـی وت، “هۆکارەکەی شۆفێران خۆیانن، رەچاوی یەکتر ناکەن و ئەو قەرەباڵغی و جەنجاڵییەیان دروست کردووە”.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری