مەترسی هەبوو
کەندەکەی کۆڕنیش تەنیا 50 مەتری لێ کۆنکرێت کراوە
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
کەندی کۆڕنیش لە هەولێر، کە دەکەوێتە نزیک شەقامی کۆیە بۆ شەقامی کەرکوک، وەک چیرۆکێکی دووبارە ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و دابارین، کێشە بۆ هاوڵاتییان دروست دەکات، ئەوەش بەهۆی خڕبوونەوەی ئاوەوە.
هەندێک جار دەبێتە هۆی مەترسیش، لە ساڵی رابردوو بڕیاردرا بە درێژەیی یەک کیلۆمەتر کۆنکرێت بکرێت، وەک رێگرییەک بۆ مەترسییەکانی، وە دواتر هەمووی کۆنکرێت بکرێت.
بەڵام تەنیا 50 مەتر کۆنکرێت کرا و کارەکانی وەستا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 28.8.2025، مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگای هەولێر بە 964ی وت، بەهۆی قەیرانی داراییەوە کارەکانی وەستێنراوە، ئەوەش روونە بەغدادیش بەشە بودجە بۆ پڕۆژەکان نانێرێ، هەرکاتێک پارە هەبوو دەست دەکەینەوە بەکۆنکرێت کردنی.
بەقسەی جێگری پارێزگار، لە ناوەڕاستی مانگی نۆ کۆبونەوەیەک لە پارێزگای هەولێر ئەنجام دەدرێت، دەربارەی ئامادەکارییەکانیان بۆ وەرزی زستان، بۆ ئەوەی کەندەکە رێکبخرێتەوە و پاک بکرێتەوە، تاوەکو لە وەرزی زستان مەترسی بۆ هاوڵاتیان دروست نەکات.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا