لۆزان

پەیماننامە “شوومەکە” تەمەنی بوو بە 102 ساڵ

964+
ئەحمەد مستەفا

تەمەنی پەیماننامەی لۆزان، کە کوردی وەک نەتەوە و خاوەن جوگرافی بۆ سەر چوار دەوڵەت دابەش کرد، بوو بە 102 ساڵ، بەڵام لەگەڵ تەمەنەکەیدا گۆڕانکاری لە رووی پێشێل و مافی سیاسی روویداوە.

لە 24ی تەمووز 1923 پەیماننامەی لۆزان لە نێوان دەوڵەتانی سەردەستی وەک، (بەریتانیا و فەڕەنسا و ژاپۆن و یۆنان و ڕۆمانیا و سڕبیا و كرواتیا و سلوانیا و توركیا) واژۆ کرا و تێیدا نەخشەى رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان گۆڕی، خاکی کوردستانی گەورە بەسەر هەریەکە لە تورکیا و عێراق و ئێران و سوریا دابەشکرا.

لە ماوەى ئەو 102ساڵەدا کە کورد و خاکەکەی پارچە پارچە کرا، کورد رووبەڕووی چەندین جینۆساید و لەناوبردن و ئاوارە و دەربەدەری بوویەوە و پەیامنێی شووم بوو بۆی، بەرامبەر هەوڵەکانى قڕکردنی ئەو چوار دەوڵەتە.

دانووستانەکان کە لە 20ی تشرینی دووەمی 1922 دەستیان پێکرد بە هۆی پرسی رێکنەکەوتن لەسەر دابەشکردنی گەرووەکان، موسڵ-کەرکوک و قەرزە کەڵەکەبووەکانی سەر دەوڵەتی عوسمانی چەندین جار هەڵپەسێردرابوو.

بەپێی پەیمانەکە سنووری باکوور و باشووری کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا کە لە نێوان ئینگلیزەکان و بەرپرسانی پەرلەمانی ئەوکاتی تورکیا بەڕێوە چوو، دیاری کرا.

لە پێشەکی پەیمانی لۆزان کە لە 143 ماددە پێکهاتووە، پرەنسیپی رێزگرتن لە سەربەخۆیی و سەروەری وڵاتان باس کراوە.

نوێنەری خواست و داواکارییەکانی کورد لەو کۆنگرەیە ئامادە نەببوو، ئەوکاتیش خەڵکی کوردستان نەیانتووانیبوو لە دەوری چەترێکی یەکگرتوو کۆببنەوە و خواستی خۆیان ببەنە سەر مێزی گفتوگۆکان و بەدەستی خۆیان چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن؛ بۆیە بەبێگوێدانە خواستی کوردستانیان لە رۆژی (24 تەمووزی ساڵی 1923)دا پەیمانی (لۆزان) ئیمزا كرا.

لە دوای ئیمزاکردنی پەیماننامەکەش، توركیا، ئێران، عێراق و سووریا بە هەموو هێزی خۆیان سیاسەتی نكۆڵی و لەناوبردنیان لە بەرامبەر گەلی كوردستان پەیڕەو كرد.

سەرەڕای ئەوەی كە لە ماددەکانی (39 و 41) ی ئەو پەیمانە مافی پەروەردە و زمان و پاراستنی كلتووری كورد پەسەند کراوە، بەڵام ئەم خاڵانە لە بەرچاو نەگیراون.

بەم شێوەیە بە فەرمی کوردستانی گەورە بەسەر چوار پارچەدا دابەش کرا. لە کاتێکدا دۆخی باشووری کوردستان بەردەوام بە ناکۆکی لە نێوان لایەنەکاندا مایەوە، لە ساڵی 1926 بۆ بەریتانیا، واتە عێراق جێهێڵدرا.

72 دەوڵەت لە خاکی عوسمانیدا دروست بوون، بەڵام گەورەترین نەتەوە بەهۆی بەرژەوەندیی زلهێزەکان بێ دەوڵەت مایەوە. ئەو شۆڕشانەیش کە دوای ڕێککەوتنەکە بەرپا کران، هەر جارە و بە پاساوێکی بێ بنەما ڕێگرییان لێ کرا.

ساڵی 1639یش بۆ یەكەمجار كوردستان لە چوارچێوەی پەیمانی قەسری شیریندا لە نێوان هەر دوو ئیمپراتۆری عوسمانی و سەفەویدا دابەش كرا، ئەویش دوای شەڕی خوێناوی چاڵدێران لەسەر خاکی کوردستان لەنێوان هەردوو زلهێزدا.

هۆکاری ئەم پەیماننامە، دەرئەنجامی دوو مادەی رێککەوتنى سایکس بیکۆ بوو، ئەویش هەردوو مادەى (63،62) بوون، ئەو دوو مادەیە ماف و دەستکەوتى بۆ گەلی کورد تێدا بوو، بەجۆرێک کوردی دەکردە خاوەن بەڕێوەبردن و ئیدارەی خۆی.

لە مادەى 62ـی ڕێککەوتنەکەدا هاتووە، ئاماژەى بە نەخشەیەك کردووە بۆ خودمختاری هەرێمی لە تورکیا و ناوی ئەو هەرێمانە پێشكەش بە وڵاتان بکات كە زۆربەی دانیشتووانەكانی كوردن، لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات و خوارووی ئەرمەنستان سنووریان بۆ دەست نیشان بكرێت.

لە مادەى 63ـی سایکس بیکۆدا باس لەوە کراوە، ساڵێك لە پاش ئیمزاكردنی ئەو پەیماننامەیە ئەگەر كوردەكانی دانیشتووی چەمی فورات و خوارووی ئەرمەنستان جیانەبنەوە لە توركیا دەبێت ئەنجوومەنی كۆمەڵی نەتەوەكان ڕابگەیەنن، ئەگەر ئەنجوومەنیش دانی بەوەدانا كە ئەوان دەتوانن سەربەخۆ بژین ئەوا حكومەتی توركیا دەبێت رازی بێت و دەستبەرداری ئەو ناوچانە بێت و دەبێت توركیا دەست لەمافی ئەو ناوچانە هەڵبگرێت.

هەموو شتێک دەربارەی پەیماننامەی لۆزان بزانە

هەموو شتێک دەربارەی پەیماننامەی لۆزان بزانە