28 ساڵە راوکردن قەدەغەیە

قۆپی قەرەداغ.. بەهەشتی ئاژەڵە کێوییەکان

964+

دیلان محەمەد – سلێمانی

کەم ناوچەی کوردستان ماوە وەک قەرەداغ ئەو هەمەڕەنگییەی ئاژەڵە کێوییەکانی تێدابێت، زۆربەی فەزڵی ئەمەش بۆ پیاوێک دەگەڕێتەوە بەناوی جەلال کەریم عیسا، ئەوەی زۆربەی خەڵک بە مامۆستا جەلال یا جەلالی شێخ کەریم دەیناسن.
مامۆستا جەلال ماوەیەکی باش لە هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی قسە رۆیشتوو بووە، دوای ئەوەش بووەتە بریکاری وەزارەتی ناوخۆ، لەبەر ئەوەی خۆی خەڵکی ئەو دەورووبەرەیەو سەردەمێکیش هەر لەوێ پێشمەرگە بووە، بۆیە باش سروشتی ناوچەکە شارەزا بووە، لەساڵی 1997 بڕیار دەدات راوکردن لەو دەورووبەرە قەدەغە بکات.
ساڵی 2012 دەست دەداتە دروستکردنی کۆلی ئاو خواردنەوەو دانانی تانکی و تانکەر تا ئاژەڵە کێوییەکان تینوو نەبن، دوای ئەوەش کامێرای چاودێری لە چەند شوێنێکی دیاری ئەو ناوچەیە دادەنێت بۆ ئەوەی هەم ئاگای لە جموجۆڵی ئاژەڵە کێوییەکان بێت و هەم چاوی لەسەر راوچییەکان بێت.
قۆپی قەرەداغ سەر بە قەزای قەرەداغە لە باشووی سلێمانی، ئەو دۆڵ و زنجیرە چیایەیە کە ناوچەی قەرەداغ لە گەرمیان جیا دەکاتەوە.
دیلان محەمەدجەزا پەیامنێری 964 و تیمەکەی رۆژێک لەگەڵ مامۆستا جەلال چوونە ئەو ناوچەیەو بەدەم رێگاوە هەم باسی سروشتەکەو هەم باسی پاراستنی ئاژەڵە کێوییەکانیان کرد.
جەلالی شێخ کەریم بۆ یەکەمجار هەندێ زانیاری باسکرد کە نەوتراون، پێشنیارتان بۆ دەکەین تەواوی پرۆگرامەکە ببینن.
لەو بابەتە دیارانەی لە ناو پرۆگرامەکە باسی کردن ئەمانە بوو:
– دڵخۆشم دەستم هەبووە لە پاراستنی ئاژەڵە کێوییەکان و پرۆژەکەم سەریگرتووە.
– رۆڵم هەبوو لە دانانی رێنماییەکانی قەدەغەی راوکردن.
– هەندێ شەو چواری بەیانی هەڵدەستم بە کامێرا تەماشای ئاژەڵە کێوییەکان دەکەم.
– رۆژانە دوو کەس کۆل و شوێنی ئاو خواردنەوەی ئاژەڵەکان خاوێن دەکەنەوە.
– هەڵۆ و هەڵۆی ئاڵتوونی و باز لەم ناوچەیە دەژین
– هەندێ شوێنی ئێرە پلەی گەرمای دەگاتە 30 پلە خوار سفر.
– کوڵەوەیباب، مارێکی زۆر مەترسیدارە لەم ناوچەیە هەیە
– کاریگەریم هەبووە لەسەر زۆر کەس وازیان لە راو هێناوە
– باوکی من و شێخ نەهرۆ ئامۆزای یەکن
– ساڵی 1976 مامۆستا بووم
– داری بەڕوو قەزوان وبەڵاڵوک و گۆیژ لەم ناوە زۆرن.
– هەندێ کۆنە راوچی لاسار خەڵک بە کرێ دەگرن بۆ راوکردن.
– مام جەلال هەموو ساڵێک مانگی چوار دەهات رۆژێک لێرە دەبوو.

بزنێكی كێوی دواى چاره‌سه‌ركردن گه‌ڕێندرایه‌وه‌ ناو...

بزنێكی كێوی دواى چاره‌سه‌ركردن گه‌ڕێندرایه‌وه‌ ناو سروشت