بێ موچەیی دەرگای فەرمانگەکان دادەخات
لە گەرمیان بایکۆت تا دێت فراوانتر دەبێت
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
دواکەوتن و پێنەدانی موچەی مانگی پێنج، بازنەی بایکۆتی لە سنوری ئیدارەی گەرمیان فراوانتر کردووە، ئەمڕۆ دووشەممە ھەریەکە لە فەرمانگەی دادنوسی کەلار بەیانیان و ئێواران، فەرمانگەی دادنوسی رزگاری و کفریش بایکۆتیان دەستپێکردووە.
یەکێک لە فەرمانبەرانی فەرمانگەی دادنوسی کەلار کە نەیویست ناوی بھێنرێت بە 964ـی وت، لە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممەوە دەستمان بە بایکۆت کردووە و نەڕۆشتینەوە بۆ دەوامکردن”.
“جگە لە دادنوسی کەلار بە بەیانیان و ئێواران، دادنوسی رزگاری و کفریش، بایکۆتی دەوامیان کردووە بەھۆی پێنەدانی موچەکانی مانگی پێنجمان”،ئەو فەرمانبەرە وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئامادە نین بگەڕێنەوە بۆ دەوامکردن تا ئەوکاتەی چارەنوسی موچەکانیان یەکلایی دەبێتەوە و موچەیان پێبدرێت.
پەیامنێری 964، دووجار پەیوەندی کرد بە سیامەند محەمەد، بەڕێوەبەری فەرمانگەی دادنوسی کەلار، بەڵام وەڵامی پەیوەندیەکەیان نەدایەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە لە ھەفتەی رابردوەوە، ھەریەکە لە دادگای بەرایی کەلار و نەخۆشخانەی گشتی کەلار بایکۆتیان ئەنجامداوە، بەشێکیش لە فەرمانگەکان دەوامیان کردووە بە نۆرە”تەناوب”.
پێداچوونەوە: توانا نەقی