لە سنووری سلێمانی

چوار كەس لەسەر راوكردن و هەڵكەندنی بیر دەستگیركران

964+

محەمەد فاتیح

لە سنووری پارێزگای سلێمانی، سێ‌ راوچی لەسەر راوكردن و هاوڵاتییەك لەسەر بیرهەڵكەندن دەستگیر كران.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی بڵاویكردەوە، لە ئەنجامى دەرچوونى مەفرەزەیەکى بنکەى پۆلیسى دارستانى تەکیە بۆ سنوورى چالاکى بنکەکەیان و رێگریکردن لە دیاردەى راوکردنى ماسی، توانیان سێ راوچى لە کاتى راوکردندا دەستگیر بکەن لەسەر چەمى باسەڕە و هاوکات دەستگیرا بەسەر سێ تۆڕ، کە بۆ راوکردن بەکاریان دەهێنا .

روونیشیكردەوە لە رووداوێكی تردا و دواى وەرگرتنى زانیارى و بەدواداچوون، لەلایەن مەفرەزەیەکى بنکەى پۆلیسى دارستان و ژینگەى سیتەک توانرا دەست بەسەر ئامێرێکى بیرهەڵکەندندا بگیرێت، لە جۆرى بەرینە لەگەڵ 24 بۆرى و هاوکات هاوڵاتییەك بە تۆمەتى بەکارهێنان و ئیشپێکردنى ئەو ئامێرە دەستگیرکراوە .

وتيشى، “ئێستا پەڕاوى لێکۆڵینەوە بۆ هەردوو دۆسیەکە کراوەتەوە بە مەبەستى وەرگرتنى رێکارى یاسایی لەلایەن داوەرى لێکۆڵینەوە”.