"ئەرکی خۆمان جێبەجێ کردووە"

بەرپرسێک لە حکومەتی هەرێم: 41 رۆژ بەسەر دوا وەجبەی موچە تێپەڕیوە

964+
ئەحمەد مستەفا

باس و خواسی ناردنی موچەی فەرمانبەران بۆ مانگی نیسان، لە هەشتەم رۆژی مانگی ئایار بەردەوامە و تائێستا ئەو موچەیە نەنێردراوە، جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێم دەڵێت، ئەوان ئەرکی خۆیان جێبەجێ کردووە.

دیارترین ئەگەر ئەوەیە، مەبەستی ناردنی 50%ـى داهاتی فیدڕاڵییە بۆ بەغدا، کە وەزارەتی دارایی عێراق، هەرێمی کوردستان تۆمەتبار دەکات بەوەی، پابەند نەبووە، تا موچەی مانگی نیسان بنێرن.

کۆتاجار کە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، داهاتی ناوخۆی خستبێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق، بۆ مانگی ئادار بوو کە بڕەکەی 48 ملیار و 205 ملیۆن و 765 هەزار دینار بوو.

لە تۆڕی ئێکس، عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان نوسوویەتی،41 رۆژ بەسەر دوا وەجبەی موچە، كە حکومەتی عێراق بۆ هەرێمی کوردستانی ناردووە، تێ پەڕیوە.

مانگانە حكومەتی هەرێمی کوردستان پێویستی بە زیاترە لە 950 ملیار دینارە، بۆ پابەندێتی ئەرکەکانی سەر هەرێمی کوردستانیش ئەو بەرپرسە دەڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکەکانی خۆی بەرانبەر بە حکومەتی فیدراڵی جێبەجێ کردووە.

لە سەرەتای مانگی ئایار، مشتومڕ بۆ نەبوونی پارەی نەختینە خەریک بوو دەکرایە رۆژەڤی بیانووی نەنارنی موچە، بەڵام ئەوە رەتکرایەوە، پێشتریش راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق دابینکردنی کۆی موچەی ساڵی 2025ی بە مسۆگەرکراوی راگەیاندبوو.

لە راپۆرتى خەرجى و داهاتى 11 مانگى ساڵى 2024دا کە وەزارەتى دارایی فیدڕاڵ بڵاویکردووەتەوە، داهاتى نانەوتى 16.2 تریلیۆن دینار بووە لە کۆى 119 تریلیۆن دینارى تێکڕاى داهات، بەوتەى وەزیرى دارایی عێراق، پار کورتهێنانى بودجە 5 تریلیۆن دینار بووە، کە 1.5%ى تێکڕاى بەرهەمى ناوخۆیی بووە، لەدواى جیاکردنەوەى قەرز و شایستەى دارایی پڕۆژەکانى وەبەرهێنان و وزە.

حەوت مانگە 300 مامۆستای گرێبەست بێ موچە کار دەکەن

حەوت مانگە 300 مامۆستای گرێبەست بێ موچە کار دەکەن