سزاكەی لە ساڵێک كەمتر نییە

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە رێگەی 964وە روونكردنەوە لەسەر ساختەكاری دەدات

964+

محەمەد فاتیح

دوای ئەوەی دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە كڕین و فرۆشتن بە كارتی بایۆمەتری دەنگدەرانەوە دەكرێت بۆ بەكارهێنانی لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، 964 پەیوەندی بە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە كرد و ئەوانیش روونكردنەوەیان دا.

دكتۆر عیماد جەمیل سەرۆكی تیمی راگەیاندن لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە رێگەی 964وە دووپاتیكردەوە، تا ئێستا هیچ حاڵەتێكی كڕین و فرۆشتنی كارتی بایۆمەتری بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق نەسەلمێنراوە.

لەلایەن خۆیەوە جومانە غەلای وتەبێژی كۆمسیۆن دڵنیایی دا، كە كەس سوود لەو كارتانە نابینێت و سزاكانی ساختەكاری لە رێگەی 964وە خستەڕوو وتى، “بەپێی یاسای هەڵبژاردنەكان هەرچ كەسێک، هێز یان هەڕەشە بەكاربهێنێت بۆ رێگریكردن لە دەنگدەر یان ئاراستەی بكات دەنگ بە كەسێكی دیاریكراو بدات، یان ئەگەر بەڵێن بە دەنگدەرێک بدات سوودمەندی دەكات، لە بەرامبەردا ئەوەی دەنگ نەدات یان دەنگ بە لایەنێكی دیاریكراو بدات، هەروەها هەرچ كەسێك دەستكاری سندوقەكانی دەنگدان یان ئەو بەڵگانە بكات، كە پەیوەستن بە پڕۆسەی هەڵبژاردنەوە بێگومان كارتی دەنگدانيش یەكێكە لەو بەڵگەنامانە، بۆ ماوەی ساڵێک یان زیاتر بە زیندانیكردن سزا دەدرێت.

بڕیارە لە 11.11.2025 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت.

ئەو دەشڵێت، “ئەوەی گرنگە باسی بكەم، كارتی بایۆمەتری تەنها مافی دەنگدەرە و كەس ناتوانێت لە جێگەی ئەو لە رۆژی دەنگدان بەكاری بهێنێت، چونكە سێ‌ پەنجەمۆر هەیە بۆ سەلماندنی دەنگدەری راستەقینە، پەنجەمۆری راستەقینەكە، پەنجەمۆری ناو كارتی بایۆمەتری، ئەو پەنجە مۆرانەشی لە ئامێری دڵنیابوونەوەدایە لە رۆژی دەنگدان ، لەبەر ئەوە كەس ناتوانێت لە جێگەی دەنگدەری راستەقینە دەنگ بدات، هەر بەم هۆكارەش كەس سوود لە كڕین و فڕۆشتنی كارتی دەنگدان نابینێت”.

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەنگی دا بۆ ئەوەی رۆژی 11.11.2025 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت و هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە.

جومانە غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، لە لێدوانێكدا بۆ 964 دووپاتیكردەوە كۆمسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق لەو كاتەی دیاریكراوە، ئامادەیە.