خۆڵبارین و تیژڕۆیى هۆکار بووە

 لە رووداوێکى هاتوچۆدا چوار کەس گیانیان لەدەستدا

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

لە رووداوێکى سەختى هاتوچۆدا کە لەسەر رێگاى گشتیى کەرکوک بۆ بەغدا لە نزیک بازگەى سەرحەى باشورى خورماتووو روویدا، چوار کەس گیانیان لەدەستدا و دوو کەسى دیکەش بریندارن، رووداوەکەش بەهۆى تیژڕۆیى و کەمبوونەوەى مەداى بینین و خۆڵبارین، روویداوە.

عەمید موئەیەد عەباس، بەڕێوەبەری هاتوچۆی خورماتوو بە964ـی وت،”روداوەکە لە نزیک بازگەی سەرحە  لەنێوان بارهەڵگرێک و ئۆتۆمبێلێکى تایبەتدا روویداوە، بەهۆیەوە  چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و سیانیش بریندارن”.

وەک باسى دەکات، بارهەڵگرەکە کاتێ گەشتووەتە نزیک بازگەکە لەناکاو ستۆپى گرتووە و ئۆتۆمبێلە تایبەتەکەش لە دواوە بە خێراییەکى زۆرەوە و بەهۆى کەمبوونەوەى مەوداى بینین و خۆڵبارین، خۆى بە بارهەڵگرەکەدا کێشاوە.

“ئەو کەسانەى لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە، دوو ژن و دوو پیاون و دوو منداڵیش بریندارن و برینەکانیان سەختە و رەوانەى نەخۆشخانەى ئازادى کەرکوک کراون”، عەمید موئەیەد واى وت.

ئاشکراشى کرد، سەرجەمیان ئەندامى دوو خێزانن.

روونیشى کردەوە، جگە لە تیژڕۆیى هۆکارێکى دیکەى رووداوەکە بۆ ئەو خۆڵبارینە دەگەڕێتەوە کە مەوداى بینینى کەمکردووەتەوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

ئەو خێزانەى لە هەولێر تووشى رووداوى هاتوچۆ بوون سیانیا...

ئەو خێزانەى لە هەولێر تووشى رووداوى هاتوچۆ بوون سیانیان گیانیان لەدەستداوە