پۆلیسێکى هاتوچۆ لە عێراق رێنمایى بە لێخوڕى ماتۆڕسکیلێک دەدات
تا تۆمار دەکرێن
لە عێراق بۆ ماوەى 90 رۆژ ماتۆڕسکیلەکان دەستیان بەسەردا ناگیرێت
964+
وریا فەتاح
بەڕێوەبەرایەتى گشتى هاتوچۆ لە عێراق، چەند رێنماییەکى نوێ سەبارەت بە تۆمارکردنى ماتۆڕسکیلەکان دەخاتەڕوو، سێ مانگ مۆڵەتی داوە و لەو ماوەیەدا دەستبەسەر ماتۆڕسکیلەکاندا ناگیرێت تا تۆمار دەکرێن.
عودەى سەمیر، بەڕێوەبەرى گشتى هاتوچۆى عێراق، چەند مەرج و رێنماییەکى نوێى بۆ تۆمارکردنى ماتۆڕسکیلەکان بڵاوکردەوە، بەوپێیەش پابەندبوون بە یاساو رێساکانى هاتوچۆ و لێنەخوڕین بە ئاراستەى هەڵە و بەکارنەهێنانى لاى چەپى رێگاکان و هەڵنەگرتنى زیاد لەکەسێک و بەستنى کڵاوى سەلامەتى، لە مەرج و رێنماییە سەرەکییەکانن.
ئەوەشخراوەتەڕوو کە ئەو ماتۆڕسکیلانەی توانای بزوێنەری (125) سی سی یان زیاتریان هەیە رێگەیان پێبدرێت لەسەر رێگا خێراکان لێخوڕین بکەن.
گرنگترین رێنمایى و پابەندییەکان ئەمانەن:
هیچ ماتۆڕسکیلێک رێگەى پێنادرێت زیاد لە کەسێکى لەسەر بێت.
پێویستە لێخوڕ کڵاوى سەلامەتى لەسەر بێت.
لاى راستى رێگا بەبێ رێگەدان بە تێپەڕبوون، شوێنى لێخوڕینى ماتۆڕسکیلەکانە.
هاتوچۆى ماتۆڕسکیل لە 1ـى بەیانى تا 5ـى بەیانى قەدەغەیە.
لێخوڕ بەبێ مۆڵەت مافى لێخوڕینى ماتۆڕسکیلى نییە.
عودەى سەمیرى باسى لەوەشکردووە، ئەو ماتۆڕسکیلانەی کە بەشێوەیەکی یاسایی هاتوونەتە ناو عێراق و لە گومرگدا تۆمارکراون، دوای ئەوەی ئەو مەرجانەی لەیاسای هاتووچۆدا هاتووە، پێش دەرکردنی بڕیاری ژمارە (23484)ـى ئەنجومەنی وەزیران لە 2023، کە قەدەغەکردنی هاوردەکردنی ماتۆڕسکیل لەخۆدەگرێت، تۆماردەکرێن.
ماتۆڕسکیلە تۆمارنەکراوەکان و ئەوانەی کە کاغەزی تۆماریان نییە بۆیان نییە لەسەر رێگا سەرەکییەکان یان لەناو سەنتەری شاردا لێبخوڕن، ئەگەر بدۆزرێنەوە، دەستبەجێ دەستبەسەر دەکرێن و دەستیان بەسەردا دەگیرێت چونکە یاسایی نین.