شاندى دانوستانکارى هەرێم:

پێویستە پێش دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت رێککەوتن بکەین

964+

وریا فەتاح

شاندى دانوستانکارى هەرێمى کوردستان لە راگەیەنراوێکدا وێراى پابەندبوون بە هەمووارى یاساى بودجەى عێراق و هەناردەى نەوتى هەرێم، جەختیش دەکاتەوە کە پێویستە پێش دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت، رێککەوتن لەسەر دیاریکردنی بڕێک نەوت بۆ مەبەستی بەکارهێنانی ناوخۆیی بکرێت.

درەنگانێکى شەوى رابردوو، شاندەکە بە راگەیەنراوێک وەڵامى وەزارەتى نەوتى عێراقى دایەوە لە بارەى هەناردەى نەوت.

شاندى هەرێم لە راگەیەنراوەکەیدا وێڕاى پابەندبوون بە جێبەجێکردنی یاسای هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی، پابەندبوونى خۆیشى بە دووبارە دەستپێکردنەوە بە هەناردەى نەوتى هەرێم بۆ بەندەرى جەیهانى تورکیا لە رێگەى کۆمپانیاى سۆمۆوە دەربڕیوە.

بەپێى راگەیەنراوەکە، شاندی دانوستاندنکاری هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ شاندی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی کە رۆژی 18-2-2025 لە هەولێر کرا، ئەوە دووپاتکراوەتەوە مە “جێبەجێکردنی یاساکە پێویستی بەوەیە، پێش دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن؛ رێککەوتنێک بکرێت لەسەر دیاریکردنی بڕێک بۆ مەبەستی بەکارهێنانی ناوخۆیی بەپێی پێویستییەکانی هەرێم و پابەندبوونەکانی، هاوشێوەی بەشەکانی دیکەی عێراق، بەڵام لایەنی فیدراڵی وتوویانە ئەو کارە پێویستی بە رەزامەندیی سەرۆکوەزیرانی عێراق هەیە.”

“هەناردەکردنەوە پێویستیی بە رێککەوتن هەیە لەسەر میکانیزمێکی دیاریکراو و روون بۆ پێدانی شایستەکانی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە بە حکومەتی هەرێم، بەپێی ئەوەی لە یاساکەدا هاتووە و بە وردی کە لە کۆنووسی کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ شاندی وەزارەتی نەوتی فیدراڵیدا هاتووە. لایەنی فیدراڵی روونیکردەوە کە ئەم بابەتە پەیوەندی بە وەزارەتی دارایی فیدراڵییەوە هەیە و پێویستە ئەم بابەتە لەگەڵ ئەواندا تاوتوێ بکرێت.، شاندى دانوستانکارى هەرێم وا دەڵێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنێ وەزارەتى نەوتى عێراق رایگەیاندبوو کە رێکارەکانى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێن لە رێگەى بەندەرى جەیهانەوە، تەواو بوون و داواشى لە هەرێمى کوردستان کردووە بەرهەمی کێڵگە کاراکان بۆ سۆمۆ بنێرێت.

مەسرور بارزانى ستایشى شاندى هەرێم دەکات

مەسرور بارزانى ستایشى شاندى هەرێم دەکات