ئەگەر تا بەیانی وەڵامی داواکارییەکانیان نەدەنەوە
دانیشتوانی خەلەکان هەڕەشەی داخستنی تەواوەتی رێگەی رانیە سلێمانی دەکەن
964+
ژێوار خدر
دانیشتوانی خەلەکان بەردەوامن لە داخستنی رێگەکە و دەڵێن ئەگەر بەدەم داواکاریەکانمانەوە نەیەن سبەی بە تەواوی رێگەکە دادەخەین.
ماوەی دوو رۆژە دانیشتوانی ناحیەی خەلەکانی قەزای دوکان، بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە دژی تەواو نەکردنی جووت سایدی ئیدارەی راپەڕین – دوکان و کەمی کارەبا، کۆبوونەتەوە و خێمەیان هەڵداوە، رێگە بە تێپەڕبوونی بارهەڵگر نادەن لە نێوان قەزای دوکان و ئیدارەی راپەڕین.
محەمەد ئیسماعیل، دانیشتویەکی ناحیەی خەلەکانە قسەی بۆ 964 کرد و وتی، بەهۆی سەرماوە شوێنەکەمان گواستووەتەوە و ئێستا لە نزیک چێشتخانەکانی کانی وەتمان ساترمان لێداوە و خێمەمان هەڵداوە، نیازیشمان نییە شوێنەکە چۆڵ بکەین و رێگەکە بکەینەوە.
وتیشی، ئەگەر وەڵامی داواکاریەکانمان نەدەنەوە، سبەی لە کاتژمێر 12:00ەی نیوەڕۆوە بە تەواوی رێگەکە دادەخەین و رێگە بە تێپەڕبوونی هیچ ئۆتۆمبێلێک نادەین.
کامەران عەبدوڵا، بەڕێوەبەری ناحیەی خەلەکان بە 964ـی وت، سبەی ئێمە و قایمقامی قەزای دوکان، جێگری پارێزگاری سلێمانی لەگەڵ نوسینگەی جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەت کۆدەبینەوە بۆ قسە کردن لەسەر داواکاری خەڵکی ناحیەکە و دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کێشەکان.
وتیشی، داواکاری خەڵکەکە داواکارییەکی رەوایە و ئێمە پاڵپشتیان دەکەین، بەڵام لەگەڵ داخستنی رێگەکە و دروستکردنی ئاستەنگ و گرفت بۆ هاوڵاتییان نین.