پزیشکیانیش ئامادەی کۆبوونەوەکە بوو
عەلی خامنەئی دەم بەخەندە پێشوازی لە سودانی کرد
964+
شۆرش قادری
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە، چووە لای عەلی خامنەئی رێبەری ئێران و پزیشکیانیش، ئامادەی دانیشتنەکە بوو.
بەپێی ئەو وێنەیەی کە ئاژانسی هەواڵی ئیرنا بڵاویکردووەتەوە، کۆبوونەوەکە گەرموگوڕ و دۆستانە بووە و هەر سێکیان دەم بەخەندە و بە خۆشحاڵییەوە گفتوگۆ و دەمەتەقێ دەکەن.
ئیرنا وردەکاری و ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەی سودانی و خامنەئی ئاشکرا نەکردووە و تەنیا ئاماژەی بەوە کردووە کە دواتر لەلایەن نوسینگەی رێبەرەوە زانیاری زیاتر لەوبارەیەوە دەخرێتەڕوو.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 8.1.2025 محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پەیوەندی دوولایەنە، گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و بەتایبەتیش، رووداوەکانی سوریا چووە تارانی پایتەختی ئێران و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.