تا مانگی ئازاری 2025 بەردەوام دەبن

یەکەمین کۆبوونەوەی حکومەتی کاتی سوریا ئەنجامدرا

964+

توانا نەقی

ئەمڕۆ دوای رووخانی رژێمی سوریا یەکەم کۆبوونەوەی حکومەتی رزگاری و کاتی سوریا بەسەرۆکایەتی محەمەد بەشیر ئەنجامدرا.

وەزارەتی راگەیاندنی سوریا بڵاویکردەوە، سەرجەم وەزیرەکانی شۆڕشی حکومەتی رزگای سوریا بە سەرۆکایەتی محەمەد بەشیر کۆبوونەوە بۆ دیاریکردنی رێکارەکانی رادەستکردنی دامودەزگا حکومیەکان.

محەمەد بەشیر سەرۆکی حکومەتی کاتی سوریا دەڵێت، ئەوان لەلایەن فەرماندەی گشتی گروپەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریاوە راسپێردراون بە کاتی و بەشێوەیەکی راگوزەر حکومەتی سوریا بەڕێوەبەرن بۆ ئەوەی کاروباری دامەزراوەکان لە خزمەت خەڵک بەردەوام بێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم حکومەتە کاتیە لە ژمارەیەک وەزیر پێکهاتووە و تا مانگی ئازاری 2025 بەردەوام دەبێت و تا ئەو کاتەی کێشە دەستوورییەکان یەکلایی دەبێتەوە.

ئەرکەکانی حکومەتی کاتی بریتین لە کۆنترۆڵکردنی ئاسایش و پاراستنی سەقامگیری دامەزراوەکان و هەوڵدەدەن خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان پێشکەش بە خەڵک بکەن، تا ئەو کاتەی حکومەتێکی نوێ بۆ سوریا پێکدەهێنرێت کە خواستەکانی سوریا بەدیبهێنێت.