سنووری پێنجوێن

زیاتر لە 41 هەزار مەتر زەوی لە مین پاككرایەوە

+964

کامیار کەمال- پێنجوێن

تیمەکانی دەزگای کاروباری مین دوو پارچە زەوییان لە مین پاککردەوە، کە رووبەری هەردوو کێڵگە مینەکە 41 هەزار و 361 مەتر دووجایە و رادەستی خاوەنەكانیان كرانەوە.

موحسین شێخ کەریم بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مینی سلێمانی بە 964ی راگەیاند، یەکێک لە زەوییەکان ناوی کانی گۆیژە و ئەوەی دیکەش ناوی گردەڵە و دەکەونە ناحیەی گەرمک.

وتیشی، زەوییەکەی کانی گۆیژ لە ساڵی 2016ەوە دەستیان بە کارکردن تێیدا کردووە، بەڵام بەهۆی بەفر و باران و نەبوونی بودجەوە پاککردنەوەی کێڵگەکە کەوتە کۆتایی ساڵی رابردوو.

ئاماژەی بەوەش دا، دوێنی  زەوییەکان رادەستی خاوەنەکانیان کرایەوە، باسی لەوەش کرد، لەو کێڵگە مینەدا 53مینی ڤاڵمارا و 231مینی VS-50 و 39تەقەمەنی جۆراجۆریان تێدا دۆزیەوە و لە زەوی گردەڵیش یەک مینی دژەتانک و حەوت تەقەمەنی جۆراجۆریان دۆزیوەتەوە.

پێنجوێن ناوچەیەکی سنوورییە و بەهۆی شەڕی عێراق- ئێرانەوە زیاتر لە 58 ملیۆن مەتر دووجا لە قەزاکە بە مین چێندرابوو، ساڵانە تیمەکانی لابردنی مین چەندین کێڵگە مین پاکدەکەنەوە.

ئەمساڵ لە مانگی چواردا دوو گەنج لە شاخی ئاسن کوڵێنی پێنجوێن مینێکی جۆری ڤالمارایان پێدا تەقیەوە و هەردووکیان گیانیان لەدەست دا.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

%30زەوییەکانی مێرگەسۆر لە مین پاکدەکرێنەوە

%30زەوییەکانی مێرگەسۆر لە مین پاکدەکرێنەوە