یەکەم دانیشتن نزیکە

سەرۆک بە تیروپشک و بڕینی موچە و دووبارەکردنەوەی سوێندەکە.. ئەمە بەشێکن لە نهێنییەکانی پەرلەمان

 ژووری هەواڵ

هەمووی لە چەند هەفتەیەکی دیکە تێناپەڕێت دەبێت پەرلەمان مشوورێک لە خۆی بخوات، دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکان سەرۆکی هەرێم بانگی پەرلەمان دەکات بۆ کۆبوونەوە، بەتەمەنترین دەرچوو دەبێتە سەرۆکی یەکەم دانیشتن. پەرلەمانتارەکان سوێند دەخۆن و دەستەی سەرۆکایەتی هەڵدەبژێرن.

پەرلەمان گەورەترین دەسەڵاتی یاسادانانە لە کوردستان، بەڵام ئەویش بە دڵی خۆی دەسەڵاتی واڵا نەکراوە، بەڵکو پەیڕەوێک هەیە کاتی دەستپێکردن و کۆتایی و چۆنێتی بەڕێوەچوونی کاروبارەکانی بۆ داناوە.

هەر ئەوەندەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن ئەنجامی کۆتایی دەنگدانی پەسەندکرد، دەبێت لە ماوەی 10 رۆژدا سەرۆکی هەرێم پەرلەمان بانگ بکات بۆ کۆبوونەوە، ئەگەر وای نەکرد، ئەوا کاتژمێر 12ی رۆژی یانزەهەم پەرلەمان خۆی کۆ دەبێتەوە.

دەبێت لە ماوەی 10 رۆژدا سەرۆکی هەرێم پەرلەمان بانگ بکات بۆ کۆبوونەوە

لە مادەی (3) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستاندا هاتووە: پەرلەمان دانیشتنی یەکەمی خۆی لەسەر بانگهێشتی سەرۆکی هەرێم لە ماوەی (10) رۆژدا لە رێکەوتی پەسەنکردنی ئەنجامە کۆتاییەکانی هەڵبژاردن دەبەستێت، لە کاتی ئاڕاستەنەکردنی بانگهێشتنامەکەدا پەرلەمان بە شێوەیەکی ئاسایی لە کاتژمێر (12)ی نیوەڕۆی رۆژی دوای ماوەی ئاماژە پێدراو، کۆدەبێتەوە.

لە یەکەم دانیشتندا، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی پەرلەمان بانگی بەتەمەنترین ئەندام دەکات بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکی دانیشتنەکە، ئەم سەرۆکە ئەرکەکەی دیاریکراوەو سەرپەرشتی سوێندخواردن و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی دەکات، لەم خولەدا محەمەد سلێمان محەمەد سەرۆکی لیستی نەوەی نوێ بەتەمەنترین ئەندامە (76 ساڵ) ئەو دەبێتە سەرۆک، نازاندرێت ئەمە بە رێکەوت روویداوە، یان نەوەی نوێ بە مەبەست ئەو کاندیدێکی بەتەمەنی داناوە لەسەرەی لیستەکەی تا ئەو دانیشتنە بەڕێوە ببات.

+964صورة من منصة (شبكة):

لە مادەی (11)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان نوسراوە: بەتەمەنترین کاندیدی دەرچووی ئامادەبوو لەلایەن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە بانگهێشت دەکرێت دەبێتە سەرۆکی یەکەم دانیشتن، ئەرکی بە تەنیا بریتی دەبێت لە بەڕێوەبردنی دانیشتنی یەکەم و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی.

سەرۆکە کاتییەکە سوێندی یاسایی دەخوات، دوای ئەوە دانە دانە پەرلەمانتارەکان بانگ دەکرێن و سوێند دەخۆن، سوێندەکەیان بەم شێوەیەیە: ”بە خودای گەورە سوێند دەخۆم، کە بەرژەوەندی گەلی کوردستان و یەکێتی خاک و گەل و شکۆ و ماف و ئازادییەکانی هاوڵاتیان و سامانی گشتی بپارێزم و ئەرکی ئەندامیەتی بە ڕاستی و دڵسۆزییەوە جێبەجێ بکەم”.

+964صورة من منصة (شبكة):

خۆ ئەگەر کاندیدێک بە باشی سوێندەکەی نەخوارد، ئەوا سوێندەکەی پێ دووبارە دەکرێتەوە، تا وەک خۆی نەیکات نابێتە پەرلەمانتار.

ئەگەر کاندیدێک بە باشی سوێندەکەی نەخوارد، ئەوا سوێندەکەی پێ دووبارە دەکرێتەوە

هەر لەو دانیشتنە دەرگای خۆ پاڵاوتن دەکرێتەوە بۆ سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکەی و سکرتێر، پەرلەمانتاران دەنگی بۆ دەدەن، ئەگەر دوو کاندید دەنگەکەیان یەکسان بوو، جارێکی تر دەنگدان ئەنجام دەدرێتەوە، خۆ ئەگەر هەر وەک یەک بوون ئینجا بە تیروپشک یەکلایی دەکرێتەوە.

بەڵام حاڵەتێک هەیە دەنگدانی ناوێت، ئەگەر بۆ هەر یەک لەو پۆستانە تەنیا یەک پاڵێوراو هەبوو، ئەوان بە ناولێنان پۆستەکە وەردەگرێت و پێویستی بە دەنگدان نییە.

ئەگەر کاندیدی سەرۆکی پەرلەمان رکابەری نەبوو، ئەوا بەبێ دەنگدان دەبێتە سەرۆک

پەرلەمانتارەکان هەر لە دوای سوێندەکەوە ئەرک و دەوامیان دەست پێ دەکات و ئەوانیش ئامادەبوون و ئامادەنەبوونیان بۆ دەنوسرێت، ئەگەر پەرلەمانتارێک دووجار ئامادە نەبوو 5%ی موچەکەی دەبڕدرێت، ئەگەر بوو بە سێی لەسەر یەک یان پێنج دانیشتنی پچڕ پچڕ، ئەوا ناوی لە سایتی پەرلەمان بڵاودەکرێتەوە، خۆ ئەگەر هەر بەردەوام بوو، ئەوا سەرۆکی پەرلەمان دەتوانێت مافی لێسەندنەوەی ئەندامێتی بخاتە بەر دەمی پەرلەمانتاران، هەموو ئەم وردەکارییە لە مادەی 22ی پەیڕەوەکەدا هاتووە.

پەرلەمانتارێک دووجار ئامادە نەبوو 5%ی موچەکەی دەبڕدرێت

بەڵام ئەگەر پەرلەمانتارێک بەهۆی هەڵوێستێکەوە بایکۆتی کردبوو ئەوە بەغایب حیساب نییە.

لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستاندا وردو درشتی بەڕێوەچوونی کاری پەرلەمانی هەیە، هەندێجار پێوەی پابەند دەبن و هەندێجاریش وا ناکەن.

ئەگەر بەپێی ئەو پەیڕەوە بێت ئەبێت لە یەکەم دانیشتدا دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان پێکبهێندرێت، بەڵام چەند جارێک تر پەرلەمان خۆی توولەرێی بۆ دەربازبوون لەمە دۆزیوەتەوە، وەک ئەوەی دانیشتنی یەکەم بە کراوەیی دەهێڵنەوە تا لە ماوەی چەند مانگێکدا لایەنەکان لەسەر دەستەی سەرۆکایەتی و باقی پۆستەکانی تر دەسازێن.

دەتوانن لێرە تەواوی پەیڕەکە بخوێننەوە

هەر بۆ بیرخستنەوە ئەمە ئەمجامی کورسی لایەنە براوەکانە بەپێی ئەو دەنگانەی کۆسیۆن ئاشکرای کردووە

+964صورة من منصة (شبكة):