کۆبۆنیشیان نییە
گرانی بەنزین نیگەرانی لە سیستمی تاکسی میتەر دروستدەکات
964+
ئەحمەد مستەفا
بەهۆی گرانی بەنزین و نەبوونی کۆبۆنی پاڵپشتی کراو بۆ وەرگرتنی بەنزین لەلایەن شۆفێرانی کرێ و تایبەت تاکسی، نیگەرانییەک لە بەرانبەر دانانی سیستمی تاکسی میتەر دروست بووە.
تاکسی میتەر، پێوەری دیاریکردنی نرخە کە بڕیارە لە سەرەتای ساڵی 2025 لە هەرێمی کوردستان بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و سەرنشین بە گوێرەی ماوەی رۆشتنی تاکسییەکە کرێی گواستنەوەی بدات.
لە هەرێمی کوردستان نرخی بەنزین ماوەی مانگێکە زیاتر بەرزبووتەوە، بەنزینی جۆری نۆرماڵ لە نێوان 900 دینار بۆ هەزار دینارە، و جۆرەکانی موحەسەن و سۆپەر بە رێژەیەکی بەرچاوو لە سەروو هەزار و 200 دینار دەفرۆشرێن و لە شارەکانیش جیاوازی لە نرخەکەیدا هەیە.
هاوکار یاسین، شۆفێری تاکسییە لە سلێمانی ئەو بە 964ی وت، ئەوەندەی دەزانن بە سەنت مامەڵەی رۆشتنی جێگاکان دادەنرێ لە سیستمی میتەر، لە دۆخێکی وادا بڕێکی کەم بۆ هەر داخلی و گواستنەوەیەک هەژماردەکرێ، بەهۆی گرانی بەنزین و خەرجی رۆژانە، خاوەن تاکسییەکان لەو نێوەندەدا زیان دەکەن.
لە هەرێمی کوردستان کۆبۆنی پاڵپشتی کراوی بەنزین بۆ شۆفێرانی کرێ نییە، لەکاتێکدا وا بریارە لە ساڵی نوێوە پرۆژەی تاکسی میتەر بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و لەو رێگەیەوە کۆتایى بە مامەڵەى سەرنشین و شۆفێرى تاکسى بێت، پڕۆژەکە بە شێوەیەکە سەرنشین لە کاتی دەرگا کردنەوەوە 250 دیناری لەسەر هەژمار دەکرێت.
پێشتر، ئازاد ئەحمەد سەرۆکی سەندیکای شۆفێرانی سلێمانی بە 964ـى وت، ئێستا کۆمپانیایەک لە ئامادەکاریدایە بۆ دانانی پێوەر بۆ تاکسییەکانی ناو شاری سلێمانی، رەزامەندی لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەرگیراوە و کۆمپانیاکە چاوەروانی گەیشتنی ئامێرەکانن و بریارە لە ساڵی نوێوە بکەوێتە کار.
ئامێرەکە شاشەیەکە لەناو تاکسییەکە دادەنرێن و پێوەرى خوێندنەوەى ئەو رێگایەى لەسەرە کە دەیبڕێت، سەرۆکی سەندیکای شۆفێرانی سلێمانی ئەوەشی وت، لەلایەن کۆمپانیاشەوە چاودێرى دەکرێت.