روونکردنەوەیەک لە دەزگای ئاسایشی هەرێمەوە
“رووداوەکەى قەرەداغ تیرۆریستى بووە”
964+
وریا فەتاح
رووداوەکەى قەرەداغ پەیوەندى بە بردنى شوێنەوارى نەرامسینەوە نەبووە و دەزگاى ئاسایشى هەرێم دەڵێت، رووداوەکەى قەرەداغ گروپێکى داعش ئەنجامیانداوە و رووداوەکە تیرۆریستى بووە،
دەزگاى ئاسایشى هەرێم لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، دواى گەیشتنی هێزەکانمان بە شوێنی رووداوەکەی ئەمڕۆی ناوچەی( قەرەداغ ) بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی ووردکرا بەهەماهەنگی سەرجەم هێزە ئەمنییەکان، بەڵگەو زانیاری سەرەتایی دەستکەوت لەسەر رووداوەکە و لە ئەنجامدا دەرکەوت کە کردەوەیەکی تیرۆریستییە و ئەنجامدەرانی سەربە رێکخراوی تیرۆریستی (داعش)ن.
پێشتر دەزگاى ئاسایشى هەرێم بڵاوى کردوە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینى، 9.8.2024، کاتژمێر 5:00 لە ناوچەی (قەرەداغ) دوای ئەوەی مەفرەزەیەکی ئاسایشی قەرەداغ بەمەبەستی پاراستنی ئاسایش و ئارامی ناوچەکە و چاودێریکردنی ناوچەیەکی شوێنەواری لە ئەرکدابوون، چەند کەسێکی چەکدار بەمەبەستی دەرهێنان و بردنی شوێنەواری ( نەرامسین )لە ناوچە شوێنەوارییەکە بوون.
ئاشکراشى کردووە، چەکدارەکان رووبەڕووی مەفرەزەکەی ئاسایش بونەتەوە و هۆی “شەهیدبوونی” دوو کارمەندی ئاسایش.
وەک لە راگەیەنراوەکەدا باسکراوە، تەقەکەرەکان دەستگیرنەکراون و هەوڵەکانى ئاسایش بەردەوامن بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران و بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە.
هەر زوو 964، لە زارى رەوف کەمال قایمقامى قەرەداغ بڵاوى کردەوە کە لە قۆپى قەرەداغ لەلایەن گروپێکى گومانلێکراوەوە تەقە لە مەفرەزەیەکى ئاسایش کراوە و دوو کارمەند گیانیان بەخشیووە.