بەرێژەی 10%
خوێندنی باڵا داشکاندن بۆ قەرزی تواناسازی دەکات
964+
ژووری هەواڵ
وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاریدا بەڕێژی 10% لێخۆشبوون بکرێت بۆ ئەو کەسانەی کە قەرزی تواناسازییان لەسەرە.
بەگوێرەی نوسراوێک کە لەلایەن د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاراستەى سەرجەم زانکۆ و دامەزراوە زانستییەکانى هەرێمى کوردستان کراوە، کاندیدانى پێشوى بەرنامەى تواناسازى بەرێژەی 10% داشکاندنیان بۆ دەکرێت.
مەرجی ئەم داشکاندنە ئەوەیە بە یەک گوژمە قەرزەکان بدرێتەوە و لە ماوەى سێ مانگدا.
لە نوسراوەکەدا هاتووە، “بە رەچاوکردنى دۆخى دارایى و بەمەبەستى ئاسانکارى بۆ کاندیدانى پێشوى بەرنامەى تواناسازى تا ماوەى گەڕانەوەى قەرزەکانیان بڕیاردرا بە لێخۆشبون بەڕێژەى (10%) بەمەرجێک بە یەک گوژمە قەرزەکانیان بدەنەوە لە ماوەى سێ مانگدا”.
وەزیری خوێندنی باڵا دەڵێت، بۆ ئەم مەبەستە کاندیدانى پێشوى بەرنامەى تواناسازى ئەوانەى تاکو ئێستا پاکتاوى داراییان ئەنجام نەداوە، ئەمە دەبێتە دەرفەتێک بۆ ئەوەى بتوانن پاکتاوى دارایى ئەنجام بدەن و سودمەند بن لە داشكاندنەکە.
پرۆگرامی تواناسازی بەرنامەیەکە بۆ پێگەیاندنی شارەزا و پسپۆر لە گشت بوارە زانستیەکاندا لە رێگەی ناردنە دەرەوەى کەسانی شیاو بۆ خوێندنی (ماستەر و دکتۆرا) لە زانکۆ و ناوەندە زانستییە باوەڕپێکراوەکانی جیهان.