سەوزایی ناوەندی رێگای زانکۆی هەڵەبجە - وێنە: فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە
هەندێ سەوزاییان سیاجی نییە
فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە: هەر ئاژەڵێکتان لەناو سەوزایی بینی دووری بخەنەوە
964+
پێشەوا محەمەد
فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە هاوڵاتیانی شارەکە ئاگادار دەکاتەوە، هەر ئاژەڵێکیان لەناو باخچە و ناو سەوزایی شارەکە بینی دووری بخەنەوە بەتایبەت ناوەندی رێگای زانکۆ چونکە سیاجی نییە.
ئەمساڵ لە پڕۆژەی لەبری سەوزکردن ناوەندی رێگای زانکۆی هەڵەبجە لە لایەن کۆمپانیایەکەوە سەوز کرا، بەڵام بەهۆی ئەوەی سیاجی نییە مەترسیی زیانپێگەیاندنی لە لایەن ئاژەڵی ماڵانەوە لەسەرە.
“راگرتنی ئەو ئاژەڵانە و هاتنیان بۆ ناو ئاوەدانی و سەر شەقامە گشتییەکان و ناو باخچەکان دیاردەیەکی ناشیرین و ناشارستانییە و پێویستە بە تەواوەتی بنبڕ بکرێت”، ئەوە قسەی سەرهەنگ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجەیە بۆ 964.
وتیشی، “داواکارین لە هاوڵاتیان لە کاتی بوونی هەر دیاردەیەکی ئاژەڵی بەرەڵا کە زیان بە سەوزایی و نەمامەکان دەگەیەنێت بەرپرسیارانە هەوڵی دوورخستنەوەی بدەن و خۆیان بە خاوەنی ئەو سەوزاییە بزانن”.
شارەوانیی هەڵەبجە ئەمڕۆ سێشەممە دەستی بەسەر چەند ئاژەڵێکدا گرتووە، کە چوونەتە ناو شەقامە گشتییەکان و پێشتریش چەند جارێک دەستبەسەر ئاژەڵی دیکەدا گیراوە.