ئامێری ATMی یەکێک لە بانکەکان لە هەولێر _ وێنە: 964
"ئامێرەکان بێ کێشە کار دەکەن"
ئومێد خۆشناو: رێنمایی به موچەخۆران دراوە له‌سه‌ر به‌كارهێنانی ئامێری ئەی تی ئێم
964+
ئەحمەد مستەفا
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر دەڵێت، “رێنمایی پێویست دراوه به موچه‌خۆران له‌سه‌ر شێوه‌ی به‌كارهێنانی ئامێری ATM، چه‌ند رۆژێكیشە ئامێرەکانی پارەڕاكێشان كارده‌كه‌ن پرۆسه‌كە زۆر سه‌ركه‌وتووه”.
رۆژى 16.5.2024، وەزارەتی دارایی لیستی موچەی مانگی نیسانی راگەیاند و دەست بە دابەشکردنی کراوە، ئەمە یەکەم مانگە ئەم ژمارە زۆرەی موچەخۆران لە رێگای ئامێرەکانی ATMـەوە موچە وەردەگرن، مانگی رابردوو تەنیا چەند کەسێک لە ATMـەوە موچەیان وەرگرت.
پێشتر، پەیامنێری 964 لای ئامێرێکی ATMـەوە لەبەردەم کۆلێژی زانست لە شەقامی کەرکوک لە هەولێر موچەخۆرێکی دواندووە، ئەو بە 964ـى وت،”سەعات و نیوێکە بە سەیارەی خۆم بۆ وەرگرتنی موچە رادەکەم، ئەمە چوارەم شوێنە کە لێی وەستاوم، سێ شوێنم کردووە لە دوانیان کارەبا نەبوو لە سێیەمیش نەیدەخوێندەوە، لە زۆربەی شوێنەکان کارەبا نەبوو و زۆریش قەرەباڵغ بوو”.
پەیامنێری 964 لە کاتی ئامادەکردنی ئەزڵایڤێکدا، بە چاوی خۆی بینیویەتی ئامێرەکە بە موچەخۆرانی وتوە “ببورە، دووبارە هەوڵبدەرەوە”، دواتر چووەتە لای ئامێرێکی تری ATM لە نزیک وەزارەتی گواستنەوە، ئەوێ نە قەرەبالغ بووە نە کێشەی هەبووە.
ئەمڕۆ شەممە 18.5.2024، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر، بۆ میدیاکان قسەی کرد و وتی، “زیاتر لە 300 هەزار موچەخۆر بەبانكی كراون، زیاتر لە 200 هەزار كارتی بانكی دراوەتەوە بە موچەخۆران، پرۆسه‌كه به شێوه‌یه‌كی زۆر سه‌ركه‌وتووانه به‌ڕێوه ده‌چێت له سنووری پارێزگای هه‌ولێر، چه‌ند رۆژێكیشە ئامێرەکانی پارەڕاكێشانی ATM كارده‌كه‌ن و رێنمایی پێویست دراوه به موچه‌خۆران له‌سه‌ر شێوه‌ی به‌كارهێنانی، بۆیە پرۆسه‌كه زۆر سه‌ركه‌وتووه له هه‌ولێر و به‌بێ گرفت مووچه‌خۆران موچه‌كانیان وه‌رده‌گرن”.
لە بارەی قەرەباڵغی بنکەکانی وەرگرتنی موچە، پارێزگاری هەولێر وتی، “بڕیاره له داهاتوودا ژماره‌ی ئامێرەکانی پارەڕاكێشانی ATM زیاتر بكرێن و له‌گه‌ڵ كاراكردنی هه‌ژماری فه‌رمانبه‌ران، سنووری سه‌رجه‌م ئامێره‌كانیش فراوان ده‌كرێت”.
ئێستا حەوت بانك بەشدارن لە پڕۆژی هەژماری من، کە بڕیارە تا كۆتایی 2024، زیاتر لە هەزار ئامێری پارەڕاكێشانی ATM لە تەواوی هەرێمی كوردستان دابنرێن.
ئەی تی ئێم، ئامێری دەرهێنانی پارەی ئۆتۆماتیکی؛ ئامێرێکی پەیوەندیکردنی ئەلیکترۆنییە، کە کڕیارانی دامەزراوە داراییەکان بەبێ یارمەتی بانک دەتوانن مامەڵە داراییە سەرەتاییەکانی لێوە ئەنجام بدەن، وەک دەرهێنانی پارە، دانانی پارە، گواستنەوەی پارە، پشکنینی باڵانس یان پرسیارکردنی زانیاری هەژمار، لە هەر کاتێکدا و بەبێ پێویستی بە کارلێکی راستەوخۆ لەگەڵ ستافی بانک.