دوای 17 رۆژ
تەرمی دووەم کەسی ونبووی لافاوەکەی دهۆک دۆزرایەوە
964+
هێڤی دێوالی – دهۆک
دوای 17 رۆژ لەگەڕانی بەردەوام نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە تیمێکی بەرگری شارستانی دهۆک لەناو بێستانەکانی گەڕەکی شندۆخای دهۆک تەرمی دووەمی ئەو گەنجە دۆزرایەوە کە رۆژی لافاوەکەی دهۆک ون ببوو.
بێوار عەبدولعەزیز وتەبێژی بەرگری شارستانی دهۆک هەواڵەکەی بۆ 964 پشتڕاستکردوەتەوە و وتی، تەرمەکە کەوتبووە ناو قوڕ و بەهۆی لافاو پێنج کیلۆمەتر لە شوێنی خۆی دوور کەوتبوەوە.
بەپێی زانیاری 964، دوو رۆژە خاوەنی بێستانەکان هەستیان بە بۆنێکی ناخۆش کردووە و بەرگری شارستانیان ئاگادارکردوەتەوە، کاتێک هاتوون دەرکەوتووە تەرمی کەسێکە.
وتەبێژی بەرگری شارستانی دهۆک وتیشی، ئەو تەرمەی ئەمڕۆ دۆزرایەوە ناوی عومەر مەحمودە تەمەنی 47 ساڵە مامی ئەو کەسەی ترە کە لە لافاوەکەی دهۆک خنکا.
رۆژی 28.3.2024 دوای هەشت رۆژ لە گەڕان بەرگری شارستانی دهۆک تەرمی مەحمود موهەندی تەمەن 22 ساڵەی دۆزیەوە.
یەکێک لە تەرمەکانی لافاوەکەی دهۆک دۆزرایەوە
رۆژی 20.3.2024 لافاوێکی بەهێز لە دهۆک و زاخۆ روویدا بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا و دەیان خێزانیش بێ ماڵ بوون.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی