پۆستێکی پەیجی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەکاتی هاککردنەکەدا کە دواتر سڕایەوە
دوو رۆژە لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە
سۆراغ … ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی نەیتوانیوە پەیجەکەی بگەڕێنێتەوە
964+
پێشەوا محەمەد
ئەگەرچی ئەو پۆستانەی لە پەیجی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کرابوون لە فەیسبووک سڕابوونەوە و چەند میدیایەک وتیان هاکەکە لابراوە، بەڵام کارمەندێکی راگەیاندنی ئەنجومەنەکە دەڵێت، بۆیان نەگەڕاوەتەوە.
توانا عەلی، لە راگەیاندنی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، دوو رۆژە پەیجی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە کۆنتڕۆڵی ئەدمینەکانی دەرچووە و تا ئێستا نەتواندراوە بگەڕێندرێتەوە.
پێشتر پەیجەکە چەند گرتە ڤیدیۆییەکی درامایەکی ئیسپانی تێدا بڵاوکرایەوە، بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک ڤیدیۆکان سڕانەوە و تا ئێستاش هیچ پۆستێکی تر لەسەر ئەو پەیجە نەکراوە.
“لێکۆڵینەوە دەکەین و تا ئێستا نازانین لەکوێوە و کێ پەیجەکەی کۆنتڕۆڵ کردووە، بەڵام تا خۆمان بە رەسمی گەڕانەوەی پەیجەکە رادەگەیەنین لە بڵاوکردنەوەی هیچ شتێک لەو پەیجە بەرپرسیار نین”، توانا عەلی وای وت.
ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی جگە لەو پەیجە سایتێکی فەرمیشی هەیە.
توانا عەلی وتیشی، “ئەگەر نەمانتوانی پەیجەکە بگەڕێنینەوە ئەوا پەیجێکی نوێ لە فەیسبووک دروستدەکەین و ئەرشیفیشمان هەیە دەتوانین هەموو پۆستەکان دووبارە لە پەیجە نوێکە بکەینەوە”.