لە سلێمانی بەفر دەبارێت

+964

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانى

لە سلێمانی یەکەم بەفری ئەمساڵ خەریکە دەبارێت، سه‌ره‌ڕای ئاگادارى پۆلیسى هاتوچۆ كه‌ خه‌ڵكی نه‌چنه‌ سه‌ر چیاى گۆیژه‌، به‌ڵام په‌یتا په‌یتا روویان له‌وێ دەکەن.

ئه‌مشه‌و خەڵکی سلێمانی روویان له‌ گۆیژه‌یه‌، حه‌زئه‌كه‌ن بگه‌نه‌ سه‌ر ئه‌و شاخە، بۆ چێژ بینین لە یەکەم بەفری ئەمساڵ، ئەگەرچی بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆ داوای کردووە نەڕۆن، بەهۆی خراپی کەش و ھەوا.

لە ئاگاداریەکی بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی سلێمانیدا ھاتووە، “لەپێناو سەلامەتی گیانی ھاوڵاتیان، ھەردوو رێگەی دۆڵەمیران بۆ سەر شاخی گۆیژە و رێگەی چاڤیلاند بۆ گۆیژە بەھۆی بەفربارینەوە بەربەستکراوە، داواکارین ھیچ کەسێک بەمەبەستی چونە سەر شاخی گۆیژە روو لەو ناوچانە نەکات”.‎

رائید بەھمەن عەبدوڵڵا ئەفسەری بەشی راگەیاندن لە ھاتوچۆی سلێمانی بە +964 ی وت، لە ئێستادا مەفرەزەکانی ھاتوچۆ سەرجەم ئەو رێگایانەیان بەربەست کردووە بۆ چوونە سەر شاخی گۆیژە، ئەوەش لەپێناو سەلامەتی هاوڵاتیان.

وتیشی، “بەھۆی بەفربارین و بوونی تەمێکی زۆرەوە ئاستی بینین کەمبووەتەوە و رێگای چوونە سەر شاخی گۆیژەش خلیسک بووە بۆیە ئەو رێگایانە داخراون”.

محەمەد عەزیز، ھاوڵاتیەکی سلێمانیە، دڵخۆشه‌ به‌و به‌فربارینه‌، حه‌زئه‌كا بگاته‌ سه‌ر شاخى گۆیژه‌، به‌ڵام ده‌ڵێت چونكه‌ ئۆتۆمبێلەکەی باش نییە بۆیە نەچووه‌تە سەرووتر.

کاروان ساڵح، هاوڵاتییەکی دیکەی سلێمانیە لەبارەی ھاتنیان بۆ شاخی گۆیژە به‌ +964ی وت، جەوێکی خۆشی ھەیە و شەقامەکە باش بوو، ئێستا بەفر دەخەنە سەر ئۆتۆمبێلەکەیان بۆ ئەوەی خەڵک بزانێت لە گۆیژە بوون.