لەماڵەوە داوای بکە

رێوشوێنی ڤیزای شنگن دەگۆڕێت

964+
ئەحمەد مستەفا

ئەو سیستەمە نوێیەی قەرارە بخرێتە گەڕ ئیتر بۆ وەرگرتنی ڤیزای ئەوروپا خەڵک پێویستیان بە هاتوچۆی کونسوڵخانە نییە، هەر بە ئۆنلاین داوای ڤیزاکە دەکەن.

بەپێی هەموارێک، کە وەزیرانی دەرەوەی ئەوروپا پەسەندیان کرد، ماوەیەکی تر ئەو کەسانەی دەیانەوێت داوای ڤیزا بکەن بۆ سەردانی وڵاتانی شنگنی ئەوروپی، دەتوانن لەسەر پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی ئەو کارە بکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە 14.11.2023، شانیا سیروان، لە بەشی ڤیزای کۆمپانیای مونلاین بە 964ی وت، رێکارەکە لە بەرژەوەندی گەشتیار یان کەسی داواکارە، زۆرێک لەوانەی لە سلێمانی، کەرکوک و ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەچنە، کونسوڵخانەکان بۆ یەک مامەڵە دەیانگەرێننەوە ناوچەکانی خۆیان، بەو پێیە ئەوان کارئاسان کەم دەکەن، ئەمەش دەبێتە گرفت و کاتی چاوپێکەوتنیشیان دیار نییە، بەڵام ئەم رێکارە نوێیە ئەوە چارەسەر دەکات.

کۆمپانیاکان تائێستا بەرچاو روونیان نییە چ کاتێک، سیستمە ئەلیکترۆنییەکە بەردەست دەبێت، بە وتەی شانیا سیروان بێت، “مامەڵە و رێکارەکانی کەسی داواکار یان گەشتیار لەگەڵ سیستمی نوێ بۆ کۆمپانیا گەشتیارییەکان وەکخۆی دەمێنێتەوە، کاتێک داوای بلیتی فرۆکە دەکەن”.
ئەم گۆڕانکارییە بەرەو دیجیتاڵکردنی پرۆسەکە بەو مانایەیە کە چیتر پێویست ناکات ئەوانەی ئارەزووی وەرگرتنی ڤیزا دەکەن ستیکەر لەسەر پاسپۆرتەکەیان دابنێن، بەڵام ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە یەکەمجارە ڤیزای شنگن وەردەگرن.

ئیتر هەر لە ماڵەوە داوای ڤیزای شنگن بکە

ئیتر هەر لە ماڵەوە داوای ڤیزای شنگن بکە

وەزیرانی دەرەوەی ئەوروپا رۆژی دووشەممە 13.11.2023 بۆ ئەم مەبەستە کۆبوونەوە، جەخت لەوە کرایەوە کە هەمواری یاساکە وەکخۆی جێبەجێ دەکەن، ئەم گۆڕانکارییە لە دوای پڕۆسەیەکی درێژخایەنی یاسادانانە، دوای تەواوبوونی کاری تەکنیکی لەسەر پلاتفۆرمی ڤیزا، کە پێشبینی دەکرێت چەند مانگێک بخایەنێت، دواتر دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ڤیزای شنگن لە 27 وڵات کاری پێدەکرێت، 23 وڵاتیان ئەندامی یەکێتی ئەوروپان و چوار وڵاتی دیکە لە چواچێوەی وڵاتانی بازرگانی ئازادن و کار بە شنگن دەکەن، بەو مانایەی لەم وڵاتانە کۆت و بەندی سنور نەماوە و کە ڤیزاکەت وەرگرت دەتوانی بۆ هەموویان بچی، مەگەر لە هەندێ باردا نەبێ کە سنوردار دەکرێت.