هۆکاری چییە؟
کەمپەکانی دهۆک تەنیا بەشە خۆراکی پێنج مانگیان وەرگرتووە
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی لە پارێزگای دهۆک دەژین ئەمساڵ، تەنیا بەشەخۆراکی پێنج مانگیان وەرگرتووە، بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەرانی دهۆکیش دەلێت، لەلایەن حکومەتی عێراقەوە نزیکەی ساڵێکە هاوکاری ئاوارە و پەنابەرەکان بە باشی نەکراوە.
لە سنووری پارێزگای دهۆک 19 کەمپ بوونی هەیە کە ئاوارەکانی شنگال و پەنابەرانی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان تێیدا نیشتەجێن.
یەزدان شنگالی ئاوارەی یەکێک لە کەمپەکانی دهۆکە بە 964ـی وت، نزیکەی ساڵێکە بەشەخۆراکی مانگانەمان بە باشی وەرنەگرتووە، ئەمە سەرباری ئەوەی کە مادەکان کەمن و زۆربەیان بە کەڵکی خواردن نایەن.
پەنابەرێکی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان لە یەکێک لە کەمپەکان نەویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە 964ـی وت، لە ماوەی یەکساڵدا تەنیا پێنج بەشە خۆراک دابەشکراوە.
پیردەیان جەعفەر، بەڕێوەبەری کوچ و کوچبەران لە دهۆک بە 964ـی وت، راستە ئەمساڵ تەنیا پێنج مانگ بەشەخۆراک دابەشکراوە، حکومەتی عێراقیش ئەمساڵ بەشە خۆراکی نەناردووە، بە هاوکاری دەزگایەکی خێرخوازی هەندێک مانگ بەشەخۆراک دابەشدەکەن.
وتیشی، چەند جارێک لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و حکومەتی عێراق لەسەر ئەم بابەتە قسەمان کردووە و چاوەڕێی وەڵامی ئەوانین.
بەپێی زانیارییەکانی 964 ،ساڵانە بودجەیەکی تایبەت لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران تەرخان دەکرێت، دواتر پێداویستی بۆ کەمپەکانی ئاوارەی شەنگال و رۆژئاوای کوردستان دابین دەکات.
پێداچوونەوە: توانا نەقی