بەشێوەی کاتی لە وەزارەتی شەهیدان ناویان تۆمارکراوە
تا ئێستا 36 کارمەندی دەزگای مین گیانیان بەخشیووە
964+
پێشەوا محەمەد
لەماوەی 19 ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستاندا، 36 کارمەندی دەزگای گشتی کاروباری مین لەسەر کارەکەیان گیانیان لەدەستداوە و 78ـی دیکەش کەمئەندام بوون.
ئەمڕۆ شەممە 28.10.2023 رۆژی “شەهیدانی مینە لە هەرێمی کوردستان”.
جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین بە 964ـی وت، “36 شەهیدمان هەیە و بەداخەوە تا ئێستا بە شێوەی کاتی بە شەهید لە وەزارەتی شەهیدان تۆمارن، چونکە یاسای شەهیدان باسی شەهیدانی مینی نەکردووە و بە شەهیدی سەنگەر تۆمار کراون”.
وتیشی، “کەمئەندامەکانیشمان تەنیا موچەیەکی کەمی چاودێری کۆمەڵایەتیان هەیە و ئەو مافانە نایانگرێتەوە کە کەمئەندامانی تری هەرێم هەیانە”.
دەزگاکە 700 کارمەندی گرێبەستی هەیە، بەڵام بەوانەوە کە لەگەڵ رێکخراوەکانی مین هەڵگرەوە کاردەکەن هەزار و 556 کەسن.
رۆژی 28.10.2020 چوار کارمەندی دەزگاکە لە زومار لە کاتی پاککردنەوەی پاشماوەکانی داعشدا گیانیان لەدەستدا و دەزگاکەش ئەو رۆژەی بە رۆژی شەهیدانی مین لە هەرێم دیاری کردووە.