دەزگای مین بەدەست نەبوونی ئۆتۆمبێلەوە هاواری لێهەستاوە

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

نەبوونی ئۆتۆمبێل وای کردووە لە 35 تیمی دەزگای مین 18یان لەکاردابن.

هەر تیمێکی دەزگاکە دوو ئۆتۆمبێلی پێویستە و ئێستا نزیکەی 40 ئۆتۆمبێلیان هەیە.

پێشتر و بەر لە ساڵی 2020 دەزگای گشتی کاروباری مین 194 ئۆتۆمبێلی هەبووە، بەڵام دوا سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لێیانوەرگیراونەتەوە و بەو هۆیەشەوە بەشێک لە تیمەکانیان کار ناکەن.

جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین بە 964ی راگەیاند، ئەو ئۆتۆمبێلانەی هەشیانە بەشێکیان لە لایەن رێکخراوە دەرەکییەکانەوە بۆیان دابینکراوە.

وتیشی، “چەندان جار داواکاریمان داوەتە ئەنجومەنی وەزیران ئۆتۆمبێلمان بۆ بەکرێ بگرن بەڵام وەڵامیان نەداوینەتەوە”.

ساڵی رابردوو دەزگاکە زیاتر لە 4600 مینی لە زیاتر لە دوو ملیۆن مەتر دووجا زەویدا هەڵگرتووەتەوە.