بنکەکان هەڕەشەی بەردەوامیان لەسەرە

ئەمریکا بە وردی چاودێریی فەرمانەکانی رابەری ئێران دەکات

+964
عادل کانەبی

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئەمڕۆ دووشەمە رایگەیاند، هیچ فەرمانێکی راستەوخۆی رابەری ئێرانیان نەبینیەوە بۆ گرووپەکانی نزیک لە ئەوان، بە مەبەستی هێرشکردنە سەر بنکەکانیان لە عێراقدا.

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا هێرشەکان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق زیادی کرد، ئەمەش دوای ئەو شەڕە دێت، کە لە نێوان حەماس و ئیسڕائیل دەستیپێکردووە

باتریک رایدەر وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، کە بە پنتاگۆن ناسراوە، وتی، “پێمان وا نییە ئێران فەرمانی بەو هێزانە کردبێت بەم شێوەیە هێرش بکەنە سەر بنکەکانمان”.

وتیشی، ئەمریکا ئەم هێرشانە دەخاتە ئەستۆی ئێران چونکە ئەوە راستییە، کە ئێران پاڵپشتی ئەو جۆرە گرووپانە دەکات.

دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس و سوپای ئیسرائیل لە 7ـی ئەم مانگە و پاڵپشتیکردنی ئیسرائیل لەلایەن ئەمریکییەکانەوە، گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بەردەوام هەڕەشەی ئەوەیان کردووە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە بە ئامانج دەگرن.

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هاونیشتمانییەکانی ئاگادارکردەوە، سەردانی عێراق نەکەن لەم ماوەیەدا، بەهۆی زۆربوونی هێرشەکان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.