"بەم زووانە چارەسەر دەکرێت"
هۆکاری گۆڕانی تام و رەنگی ئاوی دوزخورماتوو دۆزرایەوە
964+
سیروان خوڕشید – دوزخورماتوو
ماوەی چوار مانگ بوو ئاوی خواردنەوەی دوزخورماتوو تام و بۆن و رەنگی گۆڕابوو، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی دوزخورماتوو دەڵێت، ئاوەکە تێکەڵ بە ئاوەڕۆ بووبوو.
هیوا رەشید، کە هاوڵاتییەکی دانیشتووی دوزخورماتووە بۆ 964ـی گێڕایەوە، کاتێک نۆبەی ئاویان دەبوو دوو کاتژمێری سەرەتا کەڵکی هیچ بەکارهێنانێکی نەبووە و رەنگ و بۆنی هەبووە و چاوەڕێیان کردووە تا کەمێک ئاوەکە روون دەبێتەوە.
فەرمانگەی ئاوی دوزخورماتوو مژدەی بۆ دانیشتوانەکەی پێیە و دەڵێت، بە زووترین کات چارەسەری دەکەن.
ئیسماعیل مستەفا، بەڕێوبەری فەرمانگەی دابەشکردنی ئاوی دوزخورماتوو بە964ـی وت، “سەرچاوەی کێشەکەمان دۆزییەوە چەند بۆرییەکی ئاو شکابوون و ئاوی ئاوەڕۆ تێکەڵی ئاوی ماڵان دەبوو”.
دەشڵێت، کێشەکە دەستنیشان کراوە و بە زووترین کات چارەسەر دەکرێت و هیچ مەترسییەک لەسەر ئاوی خواردنەوەی ماڵان نامێنێت.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد