دوو ساڵ بوو گەڕابووەوە لای دایکی

هەنگاو: لە رۆژهەڵات ژنێک بە دەستی باوک و مامی کوژرا

964+
ئەحمەد مستەفا

رێکخراوێکی مافی مرۆڤ، هەواڵی کوژرانی ژنێکی “بەبیانووی شەرەف” و بە دەستی باوک و مامێکی بڵاوکردەوە، “کە پاش دوو ساڵ لە ژیانی هاوژینی گەڕابووەوە ماڵی دایکی”.

ژنەکە ناوی شەهێن ئیبراهیمزادەیە، تەمەنی 21 ساڵە و دانیشتووی گوندی “گەوەلان” بووە لە سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان و بە رەچەڵەک شێخانییە.

بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بێت، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، “باوک و مامێکی شەهێن، چوونەتە دەرەوەی گوندەکەیان و سەرەتا لەلایەن هەردووکیانەوە، خنکێندراوە و دواتریش چەند جارێک بە چەقۆ تەرمەکەیان شێواندووە”.

دوای دوو ساڵ لە کوشتنی کەسێک سزای لە سێدارەدان بۆ بکوژە...

دوای دوو ساڵ لە کوشتنی کەسێک سزای لە سێدارەدان بۆ بکوژەکانی دەرچوو

ئەم ژنە چەند ساڵێک لەمەوبەر سەرەڕای دژایەتیی باوکی لەگەڵ پیاوێکی دڵخوازی خۆی ژیانی هاوبەشیان پێکهێناوە، بەڵام پاش دوو ساڵ لە مێردەکەی جیا بووەتەوە و گەڕاوەتەوە ماڵی دایکی و باوکی، هەروەک رێکخراوەکە وای گێڕاوەتەوە.

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوەکانی هەنگاو بێت، شەهێن ئیبراهیمزادە جارێکی دیکە داواکاری هەبووە و هاتوونەتە خوازبێنی، بەڵام بە گومانی ئەوەی کە لەگەڵ داواکارەکەی پەیوەندییان هەبووە، لەلایەن ئەندامانی بنەماڵەکەیەوە بە شێوەیەکی “زۆر دڕندانە” کوژراوە.

تەرمی شەهێن بۆ پزیشکیی دادوەریی شاری ئورمیە گواستراوەتەوە تاکو توێکاری پزیشکی بۆ بکرێت.