نزیکەی 20 قوتابخانە

بایکۆتی وانەبێژان لە بەردەڕەش دەستیپێکرد

964+
زەید کۆچەر – دهۆک

ژمارەیەک مامۆستا کە دابەش دەبن بەسەر 20 قوتابخانەی سنوری قەزای بەردەڕەشی دهۆک بڕیاریانداوە بایکۆت بکەن تا ئەوکاتەی دەکرێن بە هەمیشەیی.

لە رۆژی سێشەممەی رابردووەوە، ئەو مامۆستایانە ئیمزا کۆدەکەنەوە.

مامۆستایەکی وانەبێژ کە نەیویست ناوی بنووسرێت بە 964ـی وت، “ئەوە چەندین ساڵە ئێمە خزمەتی ناوەندەکانی خوێندن دەکەین، بەڵام مافەکانمان پێنادرێت، داوا دەکەین دابمەزرێین بەشێوەی هەمیشەیی”.

964 سۆراغی بابەتەکەی کرد و لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار قسەی کرد، بۆمان دەرکەوت تا ئێستا دەیان مامۆستا کە لە نزیکەی 20 قوتابخانەدا وانە دەڵێنەوە بایکۆتی خوێندنیان کردووە.

لەوبارەیەوە، مەهدی خەلیل بەڕێوەبەری پەروەردەی بەردەڕەش بە 964ـی راگەیاند، “داوا دەکەین مامۆستایانی خۆشەویستمان سەبر بگرن و زیان بە قوتابیەکان نەگەیەنن بە بایکۆتکردن”.

وتیشی، “ئەو قسانەی لەبارەی بایکۆت کراون راست نین و ژمارەکە کەمترە، لەو بڕوایەدام مامۆستاکانی ئێمە دەگەڕێنەوە بۆ دەوام”.

هاوکات، کاروخ عەبدوڵا نوێنەری گشتی وانەبێژان لە هەرێمی کوردستان بە 964ـی وت، “مامۆستایانی وانەبێژ لە بادینان و تایبەت سنووری قەزای بەردەڕەش و ئاکرێ و شێخان چەند رۆژێکە بایکۆتیان راگەیاندووە و بە کۆکردنەوەی ئیمزاکانیان ئاماژەیان بە بایکۆت کردووە”.

وانەبێژانی چەمچەماڵ بەردەوامن لەسەر بایکۆت

وانەبێژانی چەمچەماڵ بەردەوامن لەسەر بایکۆت

لە سنووری قەزای بەردەڕەش 184 قوتابخانە هەیە و 2000 مامۆستای وانەبێژیش هەن.

تاوەکو ئێستا لە زۆربەی قوتابخانە حکومییەکانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە دەوامی قوتابخانەکان دەستیپێنەکردووەتەوە و بایکۆتیان کردووە.

مامۆستا وانەبێژەکان داوای دامەزراندن و مامۆستا دامەزراوەکانیش داوای موچەی زیاتر دەکەن.

لە هەرێمی کوردستان بە گشتی سەرو 35 هەزار مامۆستای وانەبێژ هەن.