پشکنینی DNA بەردەوامە
تەندروستیی نەینەوا دوایین ئاماری رووداوەکەی حەمدانیەی ئاشکرا کرد
964+
پێشەوا محەمەد
تەندروستیی نەینەوا دوایین ئاماری رووداوی هۆڵی ئاهەنگەکەی حەمدانیەی راگەیاند و دەڵێت، 122 کەس گیانیان لەدەست داوە و 20 برینداریش رەوانەی دەرەوە کراون.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە 5.10.2023 لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، چوار برینداری رووداوەکە لە نەخۆشخانەی گشتیی حەمدانیەن لە نەینەوا، یەک بریندار لە لایەن رێکخراوی پزیشکانی بێسنوورەوە چارەسەر وەردەگرێت، چوار بریندار لە شاری هەولێرن و سێ برینداریش لە دهۆکن.
ئاماژە بەوەش دراوە، تەواوی تەرمەکان لە شوێنی رووداوەکە دەرهێنراون و بەشێکیان نەناسراونەتەوە و رەوانەی پزیشکی دادی بەغدا کراون بە مەبەستی تەواوکردنی رێکارەکان و وەرگرتنی DNA لە کەسوکاریشیان بەردەوامە.
شەوی 26.9.2023 هۆڵێکی حەمدانییە لە کاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگێکی هاوسەرگیری گڕی گرت و بەهۆیەوە 122 کەس گیانیان لەدەست دا و بەو هۆیەشەوە ماوەی سێ رۆژ لە عێراق و هەرێم ماتەمینیی گشتی راگەیەندرا.