لە سلێمانی

فیتەرێک و پیاوێکی بە تەمەن گیانیان لەدەستدا

964+
دیلان محەمەد جەزا

لە گەڕەکی راپەڕین-ی سلێمانی پیاوێکی بە تەمەن جەڵدە لێیدەدات و لەسەر شەقامێكی سەرەکی گیان لەدەستدەدات، فیتەرێکیش کەللەی بارهەڵگرێک دەکەوێت بەسەریدا و کەس پێ نەزانیوە تا گیانی لەدەستداوە.

ئەمرۆ شەممە 30.9.2023، نەقیب سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە 964 وت، “نیوەڕۆی ئەمرۆ پیاوێکی بە تەمەن لە بەردەم پڕۆژەی قەیوان سیتی لە گەڕەکی ڕاپەڕین لەسەر شەقامێکی سەرەکی جەڵدەی دڵ لێیداوە و گیانی لەدەست داوە”.

تەرمەکەی رەوانەی پەیمانگەی پزیشکی داد کراوە لە سلێمانی، بەوتەی وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بێت، “پێدەچێت تەمەنی نزیکەی 70 ساڵ بێت”.

لە بارەی رووداوی دووەمەوە، سامان نادر بەڕێوەبەری یەکەی فریاکەوتنی خێرایی سلێمانی بە 964 وت، “لە نزیک عەلوەی هاوچەرخی سلێمانی، فیتەرێک کەللەی بارهەڵگرێکی بەرزکردۆتەوە و کەوتووە بەسەریدا، بۆ ماوەیەک لە ژێریدا ماوەتەوە و کەس پێی نەزانیوە، تا گیانی لەدەستداوە”.

بەوتەی سامان نادر بێت، “ئەو کەسەی گیانی لە دەستداوە تەمەنی 33 و تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادیی سلێمانی کراوە”.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا