85٪ی تووشبووان خەڵکی پارێزگای سلێمانین

نەخۆشخانەی هیوا: لە رۆژێکدا 32 کەس توشی شێرپەنجە بوون

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

تەنیا دوێنێ یەکشەممە، 32 توشبووی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا تۆمارکراون کە زۆربەیان خەڵکی سنووری پارێزگای سلێمانی بوون.

ئەمڕۆ دووشەممە 25.9.2023، د. محەمەد عەبدولوەهاب، ئەندامی لیژنەی زانستی نەخۆشخانەی هیوا بە 964ـی راگەیاند، نزیکەی 85٪ـی ئەو توشبووانەی کە دوێنێ تۆمارکراون خەڵکی پارێزگای سلێمانی بوون.

لەکۆی ئەو 32 توشبووە نوێیەی شێرپەنجە، سێ کەسیان منداڵن و تەمەنیان لەخوار 18 ساڵەوەیە.

زۆربەی نەخۆشەکان توشی شێرپەنجەی مەمک بوون، منداڵەکانیش توشی شێرپەنجەی خوێن، مێشک و کۆئەندامی دەمار بوون.

خەرجییەکانی نەخۆشخانەی هیوا بۆ دەرمان دوو هێندە زیادی...

خەرجییەکانی نەخۆشخانەی هیوا بۆ دەرمان دوو هێندە زیادیکردووە

بە وتەی د. محەمەد عەبدولوەهاب، “رێژەی توشبوون بە شێرپەنجە زۆر زیاترە لەوەی کە رادەگەیەندرێت، چونکە سیستەمێکی تۆماری پێشکەوتومان نییە و بەشێک لە نەخۆشەکان دەچنە دەرەوەی وڵات بۆ چارەسەر”.

بەپێی ئامارەکانی نەخۆشخانەی هیوا، لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا، رێژەی توشبوون بە شێرپەنجە بۆ زیاتر لە دوو هێندە زیادیکردووە. لە ساڵی 2021 سێ هەزار و 80 کەس و لە ساڵی 2022 سێ هەزار و 322 کەس توشبوون.

لەبارەی هۆکارەکانی زیادبوونی رێژەکە، د. محەمەد عەبدولوەهاب وتی، “زیاتر هۆکارە ژینگەییەکان و خواردنی ناتەندروست و ناچالاکی جەستە هۆکارن”.