زاهیر عیسا گەورەی هۆزی عوىێد لە کەرکوک. وێنە:964
سەرۆک عەشیرەتی عوبێد بۆ 964: کەرکوک بێ کورد شارێکی بێ مانایە
964+
دوای ئاڵۆزییەکانی ئەم هەفتەیەی شاری کەرکوک، سەرۆک عەشیرەتی عوبێد لەرێگەی 964 کۆمەڵێک پەیامی ئاشتی بۆ کوردانی کەرکوک دەنێرێت و دەڵێت، کەرکوک بەبێ کورد شارێکی بێ مانایە.
ئەمڕۆ سێشەممە زاهیر عیسا سەرۆک هۆزی عوبێد لە کەرکوک کە لە هەڵگرتنی خێمەکانی بەردەم بینای ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان رۆڵی هەبوو دەڵێت، “لەگەڵ برا کوردەکانمان رۆژێک دادەنیشین و قسە راستەکە دەکەین، پەیامم بۆ گەلی کورد لە کەرکوک هەیە، من قسەی شێخی کۆچکردوو ئەنوەر عاسی بۆ ئێوە دەگوازمەوە کە دەیوت (کەرکوک بێ کورد هیچ مانایەکی نییە، کەرکوک بێ تورکمان کەرکوک نییە)”.
زاهیر عیسا لەبەشێکی دیکەی پەیامەکەی دەڵێت، “برایانی کورد داواتان لێدەکەم گوێ لەم و لەو مەگرن و گوێ لە من بگرن، ئێمە خوشک و برای یەکین و رەگەزپەرستی بەتەواوی رەتدەکەینەوە، لەهەموو شتێکدا شەریکین و قبوڵ ناکەین مافی کورد لەهیچ بوارێک لەدەست بچێت”.
بەشێکی دیکەی پەیامەکەی سەرۆک هۆزی عوبێد ئەوەیە “لە رابردوو بنەماڵەکەمان لەسەر کورد باجی داوە، هەر دەستدرێژیەک بۆسەر کورد هەبێت بۆ پارێزگاری ئێمە لەوێین”.
زاهیر عیسا کوڕی ئەنوەر عاسی سەرۆک هۆزی عوبێدە، یەکێک لە هۆزە گەورە عەرەبیەکانی ناوچەکەیە.