هێشتا مانه‌وه‌ی ئێمباپێ له‌ پاریس مسۆگه‌ر نییه‌

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

ئەمڕۆ سێشەممە، راپۆرتێکی رۆژنامەوانی له‌ فەرەنسا قەیرانێکی کتوپڕیان لە ناو یانه‌ی پاریس سانجێرمان ئاشکرا کرد، کە پێدەچێت بابه‌تی نوێكردنه‌وه‌ی گرێبه‌ستی کیلیان ئێمباپێی هێرشبەر بگەڕێنێتەوە بۆ سه‌ره‌تا.

ئێمباپێ ئه‌م هاوینه‌ به‌ یانه‌كه‌ی راگه‌یاند، نایه‌وێت گرێبه‌سته‌كه‌ی نوێبكاته‌وه‌، كه‌ هاوینی 2024 كۆتایی دێت، یانه‌كه‌شی فشاری لێكرد ده‌بێت ئه‌م هاوینه‌ بڕوات یان گرێبه‌سته‌كه‌ی نوێ بكاته‌وه‌.
دواتر یاریزانه‌كه‌ بۆچوونی گۆڕا و خه‌ریكه‌ گرێبه‌سته‌كه‌ی نوێ بكاته‌وه‌، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی یانه‌ی ریال مه‌درید، كه‌ ئه‌م یاریزانه‌ی ده‌وێت، هیچ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی نه‌كرد.
بە گوێرەی رۆژنامەی “لۆ پاریسیان”ی فەڕەنسی، ئەگەری رۆیشتنی لویس کامپۆس، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانه‌ی پاریس، رەنگە دۆخەکە پێچەوانە بکاتەوە و ده‌رفه‌تی رۆیشتنی ئێمباپێیش زیاتر بكات.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئاماژەی بەوە کردووە، ناکۆکییەکی گه‌وره‌ لە نێوان لویس کامپۆس و دوو کەسایەتی باڵای یانەکەدا هەیە، کە بریتین لە ڤیکتۆریانۆ مێلێرۆ، سکرتێری گشتی و گریگۆری دۆراند، بەڕێوەبەری بەشی یاسایی.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کامپۆس بڕیاریداوە کۆبوونەوەیەکی بەپەلە له‌گه‌ڵ ڤیکتۆرانۆ مێلێرۆ و گریگۆری دۆراند رێکبخات بۆ ئەوەی داوای روونکردنەوەیان لێبکات.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ڤیکتۆریانۆ مێلێرۆ و گریگۆری دوراند بێزارن لە کارکردن لەگەڵ لویس کامپۆس و لە کەسایەتییەکەی، چونكه‌ ئه‌مه‌ی دوایی لە فایلی گرێبەستەکاندا راوێژ بە هیچ کامیان ناكات.

ئێمباپێ پەیوەندییەکی بەرچاوی لەگەڵ کامپۆسدا هەیە، لە ئەگەری رۆیشتنی كامپۆسدا، رەنگە بابه‌تی نوێکردنەوەی گرێبەستی ئەستێرە فەڕەنسییەکە تێکبچێت و هه‌لی ئه‌وه‌ی بۆ بڕه‌خسێت روو بكاته‌ ریال مه‌درید.