قەرەباڵغی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل هیشتا چارەسەر نەبووە
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
کێشەی قەرەباڵغی و هاتوچۆی گەشتیار و بازرگانان لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل هێشتا چارەسەر نەکراوە و ئەو بەڵێنەشی کە بە بازرگانان درابوو بۆ چارەسەری رێگە بازرگانییەکە نەبراوەتە سەر.
دەروازەی ئیبراهیم خەلیل دوو دەرگای دەرچوونی لە هەرێم هەیە بۆ ناو خاکی تورکیا دانەیەکیان بەبەردەوام قەرەباڵغی لەسەرە.
رۆژانە بە هەزاران کەس لە دەروازەکەوە هاتوچۆ دەکەن، بە مەبەستی بازرگانی و گەشتیاری، تەندروستی، هەندێک جار گەشتیار 24 کاتژمێر دەمێنێتەوە ئینجا دەتوانێت بپەڕێتەوە.
لە 31.7.2023 سەرپەرشتیاری ئیدارەی زاخۆ سەردانی پارێزگای شرناخی کوردستانی باکوری کرد بەمەبەستی چارەسەری گرفتەکانی دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل، دوای 10 رۆژ لە رێکەوتی 9.7.2023 پارێزگاری شرناخ ئوسمان بلگینیش سەردانی ئیدارەی زاخۆی کرد و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا باسی چارەسەری گرفتەکانی دەروازەکە کرا.
ئەوکات بەڵێنی ئەوەیان دا هیچ نەبێت ئەو کەسانەی بە مەبەستی بازرگانی هاتوچۆ دەکەن زۆر دوانەخرێن و لە ماوەی چەند کاتژمێریکی کەمدا بپەڕننەوە و مامەڵەکانیان رایی بکرێت.
جەلال مستەفا، بازرگانە و بە 964ـی وت، هەفتانە دوو نۆ سێ جار سەردانی تورکیا دەکات واری وا هەیە 25 کاتژمێر لە دەروازەکە ماوەتەوە تا مامەڵەکانیان بەڕێکردووە.
ئەو بازرگانە دەڵێت: زۆرجار لە بەرامبەر بڕێک پارە کەسێک دەگرن تا ئاگای لە ئۆتۆمبێل و سەرەکەیان بێت.
سەرچاوەیەکی فەرمی لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە بە 964ـی وت، ئەوان ئاسانکاری تەواویان بۆ بازرگان و گەشتیاران کردووە، رۆژی وەها هەیە پێنج هەزار کەس هاتوچۆ دەکەن، دەبێت پشکنین بۆ خۆیان و ئۆتۆمبێلەکانیان و چێکی پاسپۆرتیان بکەن ئەوە بەشێکە لە هۆکاری دواکەوتنیان.
وتیشی، هەر بۆ نەهێشتنی قەرەباڵغی دەروازەکەیان کردووەتە دوو بەشەوە، بەشێکیان بۆ مەبەستی بازرگانی و بەشێکیش بۆ گەشتیاری و سەردانکەرانی دیکە.
دەروازەی ئیبراهیم خەلیل لە ئیدارەەی سەربەخۆی زاخۆ دەروازەیەکی نێودەوڵەتییە لەگەڵ وڵاتی تورکیا و جگە لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی رۆژانە خەڵکێکی زۆر بە دەروازەکەدا هاتوچۆ دەکەن.