بێ بەرامبەر خواردنیان پێدەدرێت
پەناگەی خانەنشینانی هەولێر رۆژانی شەممە جمەی دێت
964+
شیراز عەبدوڵا ـ هەولێر
بەیانیانی ڕۆژانی شەممە بەراورد بەڕۆژەکانیتر، حەوشەی باخی شار کە بە سەنتەری خانەنشینانی هەولێر ناسراوە، جمەی دێت لەو پیاوە سەر و ریش سپیانەی خانەنشینبوونە، ئەوان ڕۆژگارێک هەر یەکەیان لە بوارێک کاریان کردووە، لەو سەنتەرە بێ بەرامبەر خواردنیان پێدەدرێت.
لە دوای کاتژمێر 7ـی بەیانی ،پیاوە خانەنشینەکان روودەکەنە سەنتەرەکە، بەشێکیان دوو بە دوو، هەندێکیشیان بە شێوەی کۆمەڵ دادەنیشن و لەگەڵ یەکتر دەکەونە گفتووگۆ.
تۆفیق ئیسماعیل، پێشتر 25 ساڵ لە ڕیزی سوپای عێراق سەرباز بووە، ساڵی 1993 خانەنشین بووە، بە 964ـی وت، لە سەرەتای دامەزراندنی سەنتەری خانەنشینی لە هەولێر، هەفتانە سەردانی سەنتەرەکە دەکات، ئەو دەڵێت زۆربەی کاتەکانی لەوێ بە خوێندنەوەی ڕۆژنامەکان بەسەردەبات
یاریەکانی دۆمینە، تاولە و دامە بوەتە خولیای بەشێک لە خانەنشینانی سەنتەرەکە، هەشیانە لە کتێبخانەی سەنتەرەکە بە کتێب خوێندنەوە سەرقاڵە.
سەید موحسن بەرزنجی، سەرۆکی سەنتەری خانەنشینانی هەولێر، بە 964ـی وت، “سەنتەرەکە تا کاتژمێر 7ـی ئێوارە کراوەیە، سێ هەزار ئەندامیان هەیە، نیوەڕۆیان چێشتیان بۆ ئامادەدکرێت و بێ بەرامبەر پێیاندەدرێت، چاودێری تەندروستیان دەکرێت، ساڵانە 15 هەزار دینار وەک ئابوونە لە خانەنشینان وەردەگیرێت”.
سەنتەری خانەنشینانی هەولێر لە ساڵی 2008 دروستکراوە، ساڵی 2018 نۆژەنکرایەوە، چەند بەشێکی بۆ زیادکرا، جگە لە هەبوونی شوێنی وەرزشکردنی خانەنشینان، نەخۆشخانە و کتێبخانە و چێشتخانەی تێدایە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی