چەند دارێک دەردەکەون لەیەکێک لە شەقامەکانی کفری کە زەرد هەڵگەڕاون. وێنە:964
هێشتا پاییز نەهاتووە دارەکانی کفری زەرد بوون
964+
هونەر فارس – کفری
بەشێک لەو دارانەی دەکەونە شەقامەکانی کفری سیس و زەرد هەڵگەڕاون، شارەوانی قەزاکەش هۆکارەکەی بۆ گڕە و گەرما دەگەڕێنێتەوە.
داری شەقامەکانی کفری بەشێکیان بە سیستمی ئاودێری و بەشێکیان بە تانکەر ئاویان پێدەگات، ئەگەرچی بەشێکی زۆری درەختەکان ئاویان لەژێرە، بەڵام زۆربەیان سیس و ژاکاو هەڵگەڕاون.
964پەیوەندی بە عەلی خورشید سەرۆکی شارەوانی قەزای کفری کرد ئەو دەڵێت. “ئێمە دڵنیاین هۆکاری سیسبوونی دارەکان بێ ئاوی نییە، بەڵکو گڕەی گەرما بردوونی”.
سەرۆکی شارەوانی قەزای کفری ئەوەشی وت، “ئەو جێگایانەی ئاویان پێبگات کێشەی ئاودانیان نییە و ئەوانەشی دوورە دەستن و سیستمی ئاودێریان نیە بە تانکەر ئاویان بۆ دەنێرین”.
لەبارەی مەترسی لەناوچوونی دارەکان عەلی خورشید جەختیکردەوە، دوای تێپەڕاندنی وەرزی گەرما دارەکان دەگەشێنەوە.
بەگوێرەی ئامارێکی شارەوانی رێژەی سەوزایی لە قەزای کفری تەنیا 8،9 دەبێت، کە بەگوێرەی رێژەی ستانداردی جیهانی هەر شارێک پێویستی بە %15ی رێژەی سەوزایی دەبێت.