لە رێگەی سەرەکی سلێمانی 12 بەرهەڵگر بەیەکەوە دەستیان بەسەرداگیرا

964+

فەهمی نەبی

پۆلیسی پاسەوانی سنوور لە رێگەی تاسڵوجە دەستیانگرتووە بەسەر 12 بارهەڵگر کە بەشێوەیەکی نایاسایی دەیانویست دوور لە چاوی گومرگ ئەو بارهەڵگرە پڕ لە کەلوپەلانە بگوازنەوە.

ئەمڕۆ هەینی، پاسەوانی سنوور ناوچەی یەک، لەرێگەی پۆلیسی گومرگی سلێمانی ئەو دەستیانگرتووە بەسەر ئەو بارهەڵگرانە.

بارهەڵگرەکان پێکهاتبوون لە ئامێری ئەلیکترۆنی ناوماڵ و کەرەستە و پێداویستییەکانی چێشتخانە، تەنانەت میوە و خواردەمەنیشی تیا بووە، ئەمەش بەپێی ئەو وێنانەی لە پەڕەی فەرمی یەکەی پاسەوانی سنوور ناوچەی یەک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دانراون، پاسەوانی سنوور دەڵێت، ئەو بارهەڵگرانە دەیانویست بەبێ گومرگ ئەو کەرەستانە ساغبکەنەوە.

کاروان خۆشناو وتەبێژی پاسەوانی سنوور ناوچەی یەک بۆ 964 قسەیکرد دەڵێت، ئەو بارانە لەرێگەی تاسلوجە بەرەو سلێمانی بوون، دەیانویست دوور لە رێنمایی گومرگی ئەو کەرەستانە ساغبکەنەوە.

بەوتەی کاروان خۆشناو، هەموو رێکارەکان بۆ پۆلیسی گومرگی سلێمانی جێهێڵدراوە و ئەوان سزاکەی دیاریدەکەن.

به‌پێی زانیارییه‌كان، لە ته‌واوى عێراقدا سێ ناوچەی هێزەکانی سنوور هەیە، ئەوانیش ناوچه‌كانى یەک، دوو و سێ. ناوچەی یەک، ئەرکی پاراستنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستانە، کە بارەگاکەی لە هەولێرە، کۆی ئەندامانی ئەو ناوچه‌یه‌ش نزیکەی شه‌ش هه‌زار و 500 کەسە..