هەرێم و بەریتانیا لێکتێگەیشتنێکی هاوبەشیان واژۆ کرد
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم، لێکتێگەیشتنێکی هاوبەشی لەگەڵ وەزیری ئاسایشی بەریتانیا واژۆ کرد و دەیەوێت پەرە بە هاوئاهەنگی نێوان هەردوولا بدات لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تاوانە رێکخراوەکان.
ئەمڕۆ چوارشەممە 23.8.2023، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تۆم توگنهات وەزیری ئاسایشی بەریتانیا کۆبوونەوە و بە پێی راگەیەندراوێک، لێکتێگەیشتنێکیان لە بارەی هەماهەنگی و هاوکاری و راهێنان لە نێوان هەردوو حکومەتدا واژۆ کردووە.
“ئەم یاداشتە بەشێکە لە پەیوەندی گرنگ و بەردەوامی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا بۆ پێکەوە کارکردن لە پێناو رووبەرووبوونەوەی تاوانە رێکخراوەکان کە سنوورە نیشتمانییەکان دەبەزێنن و هەڕەشە لەسەر هاونیشتمانیان دروست دەکەن”، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لە فەیسبوک وا دەڵێت.
هەردوولا وا رێککەوتوون کە کاربکەن بۆ ئاڵوگۆڕی شارەزایی و بونیادی تواناسازی بە پشتبەستن و پابەندبوون بە مافەکانی مرۆڤ و ستاندەردە نێودەوڵەتییە هاوبەشەکان لە ئاستێکی فراوانتر.
وەزارەتی ناوخۆ دەشڵێت، “ئەو یاداشتە نەخشە رێگایەک بۆ پێکەوە کارکردن دادەنێت بۆ باشترکردنی سەلامەتی و ئاسایش و خۆشگوزەرانی هاوڵاتیانی هەردوولا”.