کێشە بۆ مۆڵەتی شۆفێری 1400 ھاوڵاتی ھەڵەبجە دروستبووە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

زیاتر لە 20 رۆژە کێشەیەک بۆ هاتوچۆی پارێزگای هەڵەبجە دروست بووە و هاوڵاتیان ناتوانن بە سیستمە نوێیەکە مۆڵەتی شۆفێرییەکانیان نوێ بکەنەوە یان مۆڵەتی نوێ دەربهێنن، پۆلیسی ھاتوچۆی ھەڵەبجەش دەڵێت، مۆڵەتەکان چاپ دەکرێن، بەڵام ناتوانن رادەستیان بکەنەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 23.8.2023، موقەدەم پشتیوان غەریب لە هاتوچۆی هەڵەبجە بە 964ـی راگەیاند، لە مانگی ئاداری ئەمساڵەوە، نزیکەی یەک ھەزار و 400 مۆڵەتی شۆفێری ئەلیکترۆنی بۆ ھاوڵاتیان دەرھێنراوە و تا ئێستا مۆڵەتەکان رادەستی خاوەنەکانیان نەکراونەتەوە.

ئەو بەرپرسەی هاتوچۆی هەڵەبجە دەڵێت، بەھۆی گرفتێک کە لەسەروو دەسەڵاتی ئێمەوەیە، تا ئێستا رەزامەندی گەڕاندنەوەی مۆڵەتەکان نەدراوە.

“وەزارەتی ناوخۆ ئاگاداری کردووین تا کردنەوەی بەشی مۆڵەت لە پارێزگای هەڵەبجە، مۆڵەتەکان رادەستنەکەینەوە، هەرچەندە ئەو بەشە لەلای ئێمە ئێستا کراوەتەوەش”، موقەدەم پشتیوان غەریب وای وت.

هاتوچۆی هەڵەبجە لەسەر کاغەز رێگەپێدانی بۆ بەشێک لەو کەسانە کردووە، کە مۆڵەتەکانیان بەسەرچووە یان مۆڵەتیان دەرکردووە و پێیان نەدراوەتەوە، بۆ ئەوەی کاتێک کەوتنە مەفرەزەوە رێگەیان پێبدرێت، بەڵام ئەو کاغەزە لە پارێزگاکانی دیکەی هەرێم نایخوات، موقەدەم پشتیوان غەریب وای وت.