لە سنووری بەعقوبە مەترسی کۆچی ناچاری هەیە
964+
راژان باجەلان
ساڵانێکە سەرچاوەکانی ئاوی سەرزەوی لە پارێزگای دیالە وشکبووەتەوە کە ئەوەش لە شوێنی خۆیدا مەترسی لەسەر هەموو شێوەکانی ژیان دروستکردووە.
بوهرز یەکێکە لە ناحیەکانی قەزای بەعقوبە لە پارێزگای دیالە، دانیشتووانی گوندەکانی زۆربەی خەریکی کاری کشتوکاڵ و ئاژەڵدارین بەڵام ئێستا و بەهۆی وشکبوونەوەی هەردوو رووباری دیالە و خرێسان ژیان لەو ناوچانە مەترسی کەوتووەتە سەر.
شێخ قەیس تەها سەرۆک عەشیرەتی سەناجرە و دانیشتووی گوندی ئیمام حەبەشە بۆ تۆڕی 964 دەگێڕێتەوە و دەڵێت، “لەم چەند ساڵەی دواییدا سەرچاوەی ئاوی سەر زەوی لەم ناوچەیە نەماوە و لە هەر گوندێک چەند بیرێک لێدراوە بۆ ئەوەی خۆمان پێی بژین و ئاژەڵەکانمان پێی لە مردن رزگار بکەین، سەبارەت بە کشتوکاڵیش ئەوەی دەیکەین بۆ ئاژەڵەکانمانە چونکە ئاو بەش ناکات”.
ساڵ بە ساڵ گوندەکان چۆڵ دەبن بەهۆی لەناوچوونی کشتوکاڵ و مردنی گیانلەبەران لە برسی و تینوێتی، وەکو خۆیان باس دەکەن جاران ئەم گوندانە هەر ماڵێکیان دەیان سەر گامێشی هەبووە بێجگە لە مەڕ و ماڵاتی تر، بەڵام ئێستا هیچیان لە پێنج سەر گامێش زیاتریان نەماوە بەهۆی ئەوەی ئەم ئاژەڵە پێویستە هەمووکات لەناو تەڕوتووشیدا بێت.
ئێستا نیگەرانی دانیشتووانی ئەو ناوچەیە لەوەدایە کە ئەگەر ئاوی بیرەکان لەوە کەمتر ببنەوە کە ئێستا هەیە، ئەوا بە ئەگەری زۆر کۆچکردنی ناچاری روودەدات.