ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە ساڵێکی تەمەنیدا ١٢٨ پڕۆژەی ئەنجامداوە

+964

ئاسۆ فەیسەڵ – سۆران

ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، مۆمی یەک ساڵەی تەمەنی بە ئەنجامدانی ١٢٨ پڕۆژەی جۆراوجۆر کوژاندەوە. هەڵگورد شێخ نەجیب دەڵێ؛ ساڵی داهاتوو، ساڵی گەیاندنی خزمەتوزاری دەبێت بە گوندەکان.

ئەمڕۆ پێنچشەممە ١٥ـی کانونی یەکەم، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا راگەیاند؛ لە یەک ساڵی دەستبەکاربوونی ئیدارەی سۆران، ١٢٨ پڕۆژە ئەنجامدراوە کە ٦٧ـیان لە ناوەندی قەزای سۆران بووە کە دەکاتە ٥٣٪ـی کۆی پڕۆژەکان.

لەو کۆنگرە رۆژنامەوانیەدا کە پەیامنێری +964 تێیدا ئامادەبوو، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران وردەکاری پڕۆژەکانی خستەڕوو بەجۆرێک لە قەزای مێرگەسۆر٢٨ پڕۆژە کراوە کە دەکاتە رێژەی ٢٢٪ـی پڕۆژەکان و، دوای سۆران پشکی شێری بەرکەوتووە.

هەرچی قەزای رواندزە، ١٤ پڕۆژەی بۆ کراوە کە دەکاتە رێژەی ١١٪ و ئینجا قەزای چۆمان دێت کە ١٨ پڕۆژەیەو دەکاتە ١٤٪ـی کۆی پڕۆژەکان.

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران، ئەوەشی روونکردەوە کە رێژەی ٥٢٪ـی کۆی پڕۆژەکان، پڕۆژەی رێگاوبان بووە، بەدوای ئەو بە رێژەی ١٣٪ پڕۆژەی سێکتەری ئاو بووە، ئینجا ١٢٪ـی پڕۆژەی سێکتەری کارەباو، بە رێژەی ١٠٪ـی پڕۆژەکان لە سێکتەری ئاوەڕۆ، هەروەها ٨٪ـی پڕۆژەکان لە سێکتەری بیناو باڵەخانەو رێژەی ٥٪ـی پڕۆژەکانی دیکەش، پڕۆژەی جۆراوجۆرن.

هەر لەو کۆنگرە رۆژنامەوانیەدا، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران باسی لەوەکرد کە پلانیان هەیە بۆ ساڵی ئایندە رێژەی ٣٠٪ـی پڕۆژەکان بۆ گوندەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بێت.

زیاتر وتی “بەڵێن بە گوندنشینان دەدەین خزمەتگوزاری زیاتریان بۆ ببەین، بەتایبەت لەسێکتەری رێگاوبان، ئینجا کارەباو ئاو، بە ئامانجی بوژاندنەوەی زیاتری گوندەکان”.

هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران – ڤیدیۆ +964