پڕۆژەی ئاوی قولەی رانیە خێراتر و زیاتر دەکرێت
964+
ژێوار خدر – راپەڕین
بەمەبەستی زیادکردن و باشتر رەوانەکەردنی ئاوەکەی، بووستەر پەمپێکی نوێ لە پڕۆژەی ئاوی قولەی رانیە دادەندرێت.
بووستەر پەمپەکە هێزەکەی 200kv و بەرهەمەکەی هەڵدانی 500 مەتر سێجا ئاوە لە کاتژمێرێکدا.
ئاسۆ ئیبراهیم، لێپرسراوی پڕۆژەی ئاوی قولە بە 964ـی وت، “دانانی ئەو بووستەر پەمپە کاریگەری دەبێ لەسەر بەڕێکردن و بەرهەمهێنانی ئاوی زیاتر بەهۆی ئەوەی تەوژمی ئاو زیاتر دەکات و 3000 بۆ 4000 ماڵ لە رانیە لێی سوودمەند دەبن”.
لێپرسراوی پڕۆژەی ئاوی قولە راشیگەیاند، دانانەکەی لە لایەن ئیدارەی راپەڕینەوە سەرپەرشتی دەکرێت و بوودجەکەی بۆ دابینکراوە و لە ماوەی دوو بۆ سێ رۆژدا تەواو دەبێت.
ئاسۆ ئیبراهیم لە رێگەی 964ـەوە دانیشتوانی گەڕەکی کێوەڕەشی شاری رانیە ئاگادار دەکاتەوە، کە ئاویان کەم دەبێتەوە و داواش دەکات کە لەم دوو سێ رۆژەدا زیاتر دەست بە ئاوەوە بگرن تا تەواوبوونی دانانی بووستەر پەمپە تازەکە.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد