دوای 5 رۆژ تەرمی هاوڵاتییە خنکاوەکەی داقوق دۆزرایەوە

+964
سیروان خورشید – دووزخورماتوو

تیمەکانی غەواس گەیشتنە شوێنی ته‌رمی ئه‌و هاوڵاتییەی له‌ قەزای داقوق خنكابوو، كه‌ پێنج رۆژه‌ به‌دوایدا ده‌گه‌ڕان و دواجار ته‌رمه‌كه‌یان دۆزییه‌وه‌.

کاتژمێر 10ی بەیانی ئەمڕۆ تیمەکانی غەواس لە تەقتەقەوە گەیشتنە قەزای داقوق، دوای گەڕانێکی زۆر بۆ ماوەی 5 کاتژمێر تەرمی هاوڵاتییە خنکاوەکەی داقوقیان دۆزرایەوە و ره‌وانەی پزیشکی داد کرا.

زانا بەکر لە تیمی غەواسی تەقتەق بە 964ـی وت: “لە کاتژمێر 10ی بەیانی ئەمڕۆوە لەناو ئاوەکەدا بەدوای تەرمەکەدا دەگەڕاین، دواجار لە رێگەی ئامێری ئاو دەرکردنەوە ئاوەکەمان دەرکرد، تا کەمبێتەوە و دواتر تەرمەکەمان لە نزیکی شوێنی مەلەکردنەکەی دۆزییەوە”.

وتیشی، بە هۆی ئەوەی ماوەیەکی زۆرە لە ناو ئاودا ماوەتەوە، بۆیە جەستە و دەموچاوی تەرمەکە تێکچوبوو، بە حاڵ دەناسرایەوە، ته‌رمه‌كه‌ش رەوانەی پزیشکی دادی کەرکوک کراوە بۆ پشکنین و دواتر رادەستی کەسوکاره‌كه‌ی دەکرێتەوە.

پێنج رۆژ لەمەوبەر لە پڕۆژەی ئاوی قەزای داقوق، کەسێک مەلەی کردووە و دواتر دیار نەما.

ئەو پێنج رۆژەدا کەسوکاری ئەو کەسە لە قەراخی ئاوەکە خێمەیان هەڵدابوو، تا ئەمڕۆ تەرمەکە دۆزرایەوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا