لە 7 مانگدا بایی 577 ملیۆن دۆلار مۆبیلیات لە تورکیا هاوردە کراوە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

لە حەوت مانگی رابردوودا، هەرێمی کوردستان و عێراق بایی 577.6 ملیۆن دۆلار مۆبیلیات و کاغەزی تورکیایان هاوردە کردووە.

بەپێی ئامارێک کە میدیای فەرمی تورکیا وەریگرتووە لە یەکێتی هەناردەکارانی مۆبیلیات، کاغەز و بەرهەمەکانی دارستانی ئیستەنبووڵ، زۆرترین هەناردەی مۆبیلیات و کاغەزی تورکیا لە حەوت مانگی رابردوودا بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق بووە.

کۆی گشتیی هەناردەی مۆبیلیات و کاغەز و بەرهەمی دارستانی تورکیا بۆ وڵاتانی جیهان، لە مانگی کانونی دووەم تاوەکو مانگی تەمموز، 4.5 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.

لەدوای عێراق و هەرێمی کوردستان، ئیسرائیل بە 238.6 ملیۆن دۆلار، بەریتانیا بە 229 ملیۆن دۆلار لە پلەکانی دووەم و سێیەمدان.

هەروەها ئەڵمانیا بە 196.3 ملیۆن دۆلار لە پلەی چوارەم و ئێرانیش بە 171.2 ملیۆن دۆلار لە پلەی پێنجەم دێت بۆ هەناردەکردنی مۆبیلیات، کاغەز و بەرهەمەکانی دارستانی تورکیا.

تورکیا دەیەوێت ئەمساڵ بایی 10 ملیار دۆلار مۆبیلیات، کاغەز و بەرهەمەکانی دارستان هەناردە بکات.